حكومەتی هەرێم بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی مینحەی زیندانیانی سیاسی راگەیاند

18.10.2020

لڤین: 
حكومەتی هەرێم بڕیاریدا، ئەو زیندانیە سیاسیانەی ١٠ ساڵی وەرگرتنی مینحەیان تەواوكردووە و هیچ موچەیەكی تری حكومییان نییە، پاش چاكسازیكردن و رێكخستنەوەی‌ ناوەكانیان مینحەیان بۆ خەرجبكرێتەوە .


بەرەڤان حەمدی، بریكاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاند، ئەو زیندانی و گیراوە سیاسیانەی، كە ١٠ ساڵی وەرگرتنی مینحەیان تەواوكردووە و هیچ موچە و مینحەیەكی تریان لە حكومەتی هەرێمدا نییە، حكومەت بڕیاریداوە، كە پێدانی مینحەكانیان بەردەوام دەبێت پاش ئەوەی لیستەكانیان بەپێی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ی پاكتاوی لیستی زیندانیانی سیاسی چاكسازییان تیادا دەكرێت.


ناوبراو باسی لەوەشكردووە "ئەم پرۆسەیە دەچێتە بواری جێبەجێكردن لەپاش دەرچونی ئەم فەرمانە تایبەت بەو زیندانییە سیاسییانەی، كە هیچ مینحەیەكی تریان لە خەزێنەی حكومەتی هەرێمدا نییە."


حەمدی ئەوەشی راگەیاند ئەو زیندانییە سیاسییانەی مینحە و موچەی تریان لە حكومەتی هەرێم هەیە و ١٠ ساڵیشیان تەواوكردووە پاش پرۆسەی چاكسازی، ئەوانیش لە رێگای فۆرمێكی تایبەتەوە سەرپشكدەكرێن، یەكێك لە موچەكان هەڵبژێرن بۆ وەرگرتن، بەپێی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١١ی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا.

1016 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations