مردن بە کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد

12.10.2020

لڤین:
له‌ وڵاتی به‌رازیل ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ بۆ سه‌روو 150 هه‌زار كه‌س به‌رزبوه‌وه‌ و له‌ هیندستانش ژماره‌ی تووشبوان 7 ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌.

وڵاتی به‌رازیل له‌ دوای ئه‌مریكا زۆرترین ژماره‌ی مردنی تێدایه‌ و له‌ رووی زۆری ژماره‌ی تووشبوانیشه‌وه‌، به‌ تۆمار كردنی نزیكه‌ی پێنج ملیۆن و 100 هه‌زار توشبوو له‌ پله‌ی سێهه‌می وڵاتانی جیهاندایه‌.

هاوكات هیندستانیش كه‌ له‌ رووی زۆری ژماره‌ی تووشبوانه‌وه‌ له‌ دوای ئه‌مریكا له‌ پله‌ی دووه‌مدایه‌، زیاتر له‌ حه‌وت ملیۆن حاڵه‌تی تێدا تۆمار كراوه‌ و زیاتر له‌ 108 هه‌زار كه‌سیش به‌ هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ئێستادا ئه‌مریكا كه‌ نزیكه‌ی هه‌شت ملیۆن تووشبووی تێدا تۆمار كراوه‌ و زیاتر له‌ 219 هه‌زار كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌ رووی زۆری ژماره‌ی مردن و تووشبوانه‌وه‌ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌.

پێشبینی ده‌كرێت گه‌ر خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ هیندستان به‌ شێوه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، ئه‌و وڵاته‌ تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ پێش ئه‌مریكا بكه‌وێته‌وه‌ و ببێته‌ ناوه‌ندی سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ جیهاندا.

له‌سه‌ر ئاستی جیهان زیاتر له‌ 37 ملیۆن و 600 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون به‌ كۆرۆنا تۆمار كراون و له‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و 80 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زیاتر له‌ 28 ملیۆن و 200 هه‌زار كه‌سیش چاكبوونه‌ته‌وه‌.

591 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations