کازمی دۆخی ئێستای عێراق لە مێژوودا ھاوشێوەی نەبووە

04.10.2020


لڤین:
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو قەیرانە داراییەی ئێستا بونی هەیە، لەمێژووی عێراق هاوشێوەی نەبووە و هۆکارەکەی بۆ خراپ ئیدارەدانی وڵات دەگەڕێتەوە.

مستەفا کازمی، لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا وتیشی: گەندەڵکاران دۆخی ئێستای وڵات بۆ شکاندنی شکۆی دەوڵەت بەکاردەهێنن، بەڵام  هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی دوبارە دامەزراوەکان رێکبخەینەوە.

ناوبراو روونیکردەوە، حکومەتەکەی بەرئەنجامی جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و بنەماکانی لەسەر داواکاری خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 داڕێژراوە، کە ئەوەش قۆناغێکی جیاوازە لە مێژوی عێراق.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: دەبێت کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین نەک دروستکردنی کێشە، ئامانجی سەرەکی ئەم حکومەتە ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.

لەدیدارەکەدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لەبوارەکانی ئابوری، زانست، تەندروستی و ئاسایش گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، لە دەستوریش نوسراوە کە حکومەت دەبێت لەسەر بنەمای خزمەتکردنی گەلەکەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان بونیاد بنێت، بەڵام ژمارەیەک لایەن بەربەست لەبەردەم بونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ واشنتن دروست دەکەن.

312 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations