ترەمپ و هاوسەرەكەی تووشی كۆرۆنا بوون

02.10.2020

لڤین:
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، خۆی و هاوسەرەكەی تووشی كۆرۆنا بوون و دەست بە پرۆسەی كەرەنتین و چارەسەری دەكەن.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا رایگەیاند "ئەمشەو من و خانمی یەكەمی ئەمریكا ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنامان پۆزەتیڤ دەرچوو. راستەوخۆ دەست بە پرۆسەی چارەسەری و كەرەنتینە دەكەین و پێكەوە ئەمە تێدەپەڕێنین".


پێشتر سەرۆكی ئەمریكا بۆخۆی لە تویتێكدا تووشبوونی یەكێك لە راوێژكارە نزیكەكانی خۆی بە كۆرۆنا راگەیاندبوو، كەناوی هۆپ هیكسە و تەمەنی 31 ساڵانە، لە چەند رۆژی رابردووشدا چەند جارێك بەركەوتنیان لەگەڵ ئەو راوێژكارەدا هەبووە. 


تا ئێٍستا حەوت ملیۆن و 453 هەزار و 24 كەس لە ئەمریكا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون كە لە نێو ئەوانیشدا 211 هەزار و 833 كەس گیانیان لەدەستداوە و چوار ملیۆن و 701 هەزار و 244 كەسی چاكبوونەتەوە. 

358 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations