وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی ئابی بڵاوكردەوە

24.09.2020

لڤین:
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەتی مانگی ئابی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، داهاتی ئەو مانگەی نەوت ٣ ملیار و ٤٩٢ ملیۆن و ١٦٤ دۆلاری بۆ خەزێنەی دەوڵەت گلداوەتەوە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاویكردەوە، ئاشكرایكرد: بەگوێرەی داتا و زانیارییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە مانگی ئابی ڕابردوودا، بڕی ٨٠ ملیۆن و ٤٩٤ هەزار و ٥٣٦ بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە كراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەو بڕە نەوتە داهاتی ٣ ملیار و ٤٩٢ ملیۆن و ١٦٤ دۆلار داهاتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت گلداوەتەوە. لە كێڵگە نەوتییەكانی باشور و ناوەڕاستەوە بڕی ٧٧ ملیۆن و ٥٠٥ هەزار و ١٣٦ بەرمیل نەوت هەناردە كراوە، لە كێڵگەكانی كەركوكەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بڕی دوو ملیۆن و ٩٨٩ هەزار و ٤٠٠ بەرمیل هەناردە كراوە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشكرایكردووە تێكڕای نرخی هەر بەرمیلیك نەوتی خاو بە بڕی ٤٣ دۆلار و ٣٨ سەنت فرۆشراوە، هەموو نەوتەكەش لە لایەن ٢٩ كۆمپانیای فڕەرەگەزەوە باركراوە بۆ بازاڕەكانی وزە.

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، لە مانگی ئابدا داهاتی نەوت لەچاو مانگی تەموزی ڕابردوودا بە برێ ٨٩ ملیۆن و ٧١١ هەزار و ٧٨٢ دۆلار زیاتر بووە.

444 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations