زانكۆی سلێمانی لەبارەی فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆ روونكردنەوە دەدات

22.09.2020

لڤین: 
زانكۆی سلێمانی لەبارەی فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆكە روونكردنەوە دەدات جگە لەوەی رەتیدەكاتەوە داوا دەكات داواكاری گشتی لەو بارەیەوە لێكۆڵینەوە دەستپێبكەن و بڕیاریشیانداوە رێكاری یاسایی بگرنەبەر. 


زانكۆی سلێمانی لەبارەی فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆ روونكردنەوەیەك دەدات و دەڵێت:  چەند كەسێك نابەرپرسانە دوور لە پێوەرە یاسایی وئەكادیمیەكان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەپێناو بەرژەوەندی كەسی وتایبەتی خۆیان، دەستیان كردووە بە ھەڵمەتێكی چەواشكارانە سەبارەت بە فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی (كەمپی ناوشار).


راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی ئەوەشی ئاشكرا كردووە "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە ودڵنیایی دەدەینە دڵسۆزان وخەمخۆرانی شارەكەمان و زانكۆكەمان كە كەمپی كۆنی زانكۆ یەكێكە لە ڕەمزە دیار ومێژووییە پارێزراوەكانی پایتەختی رۆشنبیری". 


زانكۆی سلێمانی ئەوەشی وتووە "كەمپی ناوبراو هەنوكە لە چوارچێوەی هەشت كۆلێجدا نزیكەی ١٠ هەزار خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لەخۆگرتووە، بەپێچەوانەوە زانكۆی سلێمانی لە هەوڵی كرنەوەی كلینیك و تاقیگەیەكی پزیشیكی نوێیە لەناو ئەو كەمپەدا بۆ توێژینەوەی پزیشكی، كە هەموو ئەمانەش هەرخۆیان لە رووی لۆجكیەوە ئەو ھەواڵانە بەدرۆدەخەنەوە".


زانكۆكە داوای ئەوشەی كردووە "داواكاری گشتی لە پارێزگای سلێمانی رێكاریی یاسایی بگرنەبەر بە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵێنەوە بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە ئەكاونتی كەسی و تۆرە كۆمەڵایەتیەكانەوە تۆمەتی بێ بنەما بڵاودەكەنەوە بۆ لكەداركردنی زانكۆی دایك و شاری سلێمانی وە ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی بڵاوبكەنەوە".


ئەوەشی ئاشكراكردووە ئەوانیش "وەك زانكۆی سلێمانی لە رۆژانی داهاتوو دەستكراوە دەبین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەسانە".

890 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations