ورده‌كاری سه‌ردانه‌كه‌ی جێفری بۆ رۆژئاوا و باشوری کوردستان بڵاوكرایه‌وه‌

22.09.2020

لڤین:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ورده‌كاری سه‌ردانه‌كه‌ی جه‌یمس جێفری نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ سوریا و باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) و هه‌رێمی كوردستان ئاشكراكرد.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، جه‌یمس جێفری سه‌ردانی خۆرهه‌ڵاتی سوریای كردوه‌ و ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هێزه‌كانی سوریا دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" و حزبه‌ كوردیه‌كان و نوێنه‌ری هۆزه‌كانی دێره‌زور كۆبوه‌ته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا باس له‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كان بۆ مسۆگه‌ركردنی به‌زاندنی رێكخراوی داعش كراوه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاشكراشیكردوه‌، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ سوریا دواتر سه‌ردانی شاری هه‌ولێری كردوه‌ و له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازیلێكراوه‌ و دیدارێكیان سازكردوه‌، كه‌ تێیدا باس له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان كراوه‌.

به‌یانی ئه‌مڕۆش جه‌یمس جێفری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و ده‌ستپێكی گفتوگۆكانیشی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌.

793 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations