محەمەدی حاجی مەحمود: ئەگەر بەرپرس بومایە چوار كارتم لە دژی عێراق بەكار دەهێنا

21.09.2020


سكرتێری حزبی سۆسیالیست رایگەیاند، ئەگەر ئەو بەرپرس بوایە چوار كارتی لە دژی عێراق بەكار دەهێنا كە گرنگترینیان گرتنەوەی ئاوی بەنداوەكانی هەرێم و كشانەوەی كوردە لە عێراق و دەركردنی ئاوارەكانیش بە كارتێكی گرنگ دەزانێت.

محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، ڕۆژی 25ئەیلولی 2017ی بە ڕۆژێكی مێژوویی یە لە مێژووی كۆن و نوێی كورددا دادەنێت و دەڵێت بە باوەڕبوونێكی خۆی دەنگی داوە دەشڵێت "ڕیفراندۆمەكە نامەیەك بوو بۆ ناحەزەكانی كورد بۆ دوژمنەكانی كورد بۆ ئەوانەی كە هەمیشە دژی كوردبوون".

لەبارەی كاتی بەركارهێنانی كارتی ریفراندۆم سكرتێری حزبی سۆسیالیست وتی "هەموو كاتێك كاتیەتی، بەڵام ڕەنگە لە كوردستاندا پەیوەندیەكانی هێزە سیاسیەكان لەنێوان خۆیان ڕێك نەبن لەسەری، من پێم وایە ئەگەر ئێمە تەنها گوندێكیشمان لە كوردستان هەبێت حەقە ئەوە بەكاربهێنیین و دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەنیین واتە ئەگەر لەیەك گوندیشدا بێت لای من گرنگە نەك ئەوەی كە ناوچەیەكمان لەدەست نیە و ناوچە دابڕاوەكانمان لێ دوورە، كە لەگوندێك ڕامانگەیاند".

ئەو وتیشی كە شەڕی داعش دەستی پێكرد لە 2014 دەبووایە ئێمە ئەو كاتە ڕیفراندۆم بكرایە، ئێمە یەكێك لە هەڵەكانمان ئەوە بوو خستمانە شەڕی دوای داعش. 

ناوبراو وتیشی "ڕیفراندۆم تەنها بەحیزبێك نەكراوە، ڕەنگە كەسی كاك مەسعود بارزانی بۆخۆی سەرۆكی هەێم بووە بەو حوكمە كارێكی گرنگی كرد هەم بۆ مێژووی خۆی بۆ مێژووی حیزبەكەی بۆ كەسایەتی خۆی كارێك ئەو كردوویەتی لە مێژوودا نەكراوە، وە توانی بەرگری ئەو هەموو هەڕەشەیەی كە لەدنیا كرا بكات و بڕیاری ڕیفراندۆم جێبەجێبكات".

محەمەدی حاجی مەحمود وتیشی: ئەو لایەنانەی پەشیمان بوونەتەوە لەڕیفراندۆم دەبوو ئەو كاتە پەشیمان ببونایە و نەهاتنایە سەر سندوقی دەنگدان هەمیشە هەموو سەركەوتنێك خاوەنی زۆرە بەڵام سەرنەكەویت هەموو كەسێك لە دەستی هەڵدێت.

ئاماژەی بەوەشكرد لایەنە سیاسیەكانی هەرێم لە ئیمتیازات و بیرە نەوت و گومرك بۆچونیان یەكە بەڵام "كاتێك دێتەسەربابەتە سەرەكیەكان تائێستا كورد لەڕووی ستراتیژیەوە نەیتوانیووە یەك هەڵوێستی، سیاسی، ئیداریی، جوگرافی وە ئابوری هەبێت پێكەوە."

سكرتێری حزبەكە وتیشی "ئەگەر ئێستا داهاتی هەرێمی كوردستان كۆبكەینەوە لەدەستی حیزب نەمێنێت و ڕادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت بەشی موچەی خەڵك و بەشی خزمەتگوزاری و بەشی هەموو شتێك دەكات."

ئەو كە بەیەكێك لە پشتیوانانی ریفراندۆمەكەی هەرێم ناسراوە راشیگەیاند لە ئێستادا "لەم وڵاتە بەرپرس بوومایە، دوو سێ كارتی بەهێزم بەكاردەهێنا، كارتی یەكەم گرتنەوەی سەدی دوكان و دەربەندیخان كە ئەوە گەورەترین كاریگەری هەیە لەسەر باشور و ناوەڕاستی عێراق، خاڵی دووەم كشانەوە لەبەغدا بوو بەسەرۆك كۆمار و هەموو كورد لە بەغدا بكشێتەوە چونكە ئەگەر كورد بكشێتەوە لە عێراق ناوی عێراق نابێت ئەویش وەكو وڵاتەكانی تر وڵاتێكی عەرەبی دەبێت، كارتی سێیەم دوو ملیۆن ئاوارە لەكوردستانن بۆ لەكوردستانن ئیشیان چییە؟! بابڕۆنەوە باشور و ناوەڕاستی عێراق یان دیپۆرتمان دەكردنەوە یان ڕێگەی توركیامان بۆ دەكردنەوە بڕۆن بۆ دەرەوە، خاڵی چوارەم ریفراندۆم من پێم وایە ئەو چوار خاڵە، چوار كارتی گرنگە بەدەستی كوردەوە بەمەرجێك كورد یەكگرتوو بێت."

1828 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations