مه‌حما خه‌لیل: شه‌رم له‌ هیچ لایه‌نێك ناكه‌ین

21.09.2020


شه‌وی رابردوو ئۆتۆمبێلێك له‌ نزیك مه‌زاری شه‌ره‌فه‌ددین له‌ قه‌زای شنگال ته‌قییه‌وه‌، به‌ڵام هیچ زیانێگی گیانی و ماددی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌.

مه‌حما خه‌لیل قائیمقامی شنگال جه‌ختیكرده‌وه‌، ته‌قینه‌وه‌كه‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ و له‌لایه‌ن گرووپه‌ تیروریستییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و ئامانج لێی ترساندنی خه‌ڵكی شنگاله‌ تاوه‌كو نه‌گه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.

وتیشی "ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ جۆری ئۆپڵ بوه‌ و له‌ نزیك مه‌زاری شه‌ره‌فه‌ددین له‌ قه‌زای شنگال ته‌قییه‌وه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌، لێكوڵینه‌وه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش به‌رده‌وامن بو دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ و هۆكاری ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌" .

هه‌روه‌ك قائیمقامی شنگال ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ كرده‌وه‌یه‌كی ئیستیفزازی تیرۆریستییه‌ و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌یانه‌وێت ئاسایشی ناوچه‌كه‌ تێكبده‌ن به‌تایبه‌تیش له‌م كاته‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاواره‌كانی شنگال ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییانه‌ نایانه‌وێت خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان بۆیه‌ كرده‌وه‌ی له‌م جۆره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن".

مه‌حما خه‌لیل راشیگه‌یاند "كاتێك ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ته‌واوبن ئێمه‌ شه‌رم له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناكه‌ین و ناو و زانیاری ئه‌و گروپانه‌ بۆ خه‌ڵكی شنگال ئاشكراده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌و كرده‌ تیرۆریستییه‌یان ئه‌نجامداوه‌".

784 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations