دوو كەس لە هەولێر تۆمەتبارن بە گەندەڵی و بەرتیلدان بە سوپای ئەمریكا

19.09.2020

لڤین: 
تۆمەتی پێدانی بەرتیل دراوەتە پاڵ دووكەس كە لە شاری هەولێر دەژین و فەرمانبەری حكومەتن، ئەوەش دوای پێداچونەوە دێت بە گرێبەستەكانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەدا.


ماڵپەڕی (الحرە) ناوەڕۆكی راپۆرتێكی وەزارەتی دادی ئەمریكای بڵاویكردووەتەوە و تیایدا هاتووە: دوو پیاو كە لە شاری هەولێر نیشتەجێن بەناوەكانی مارك ئالان فرێدای تەمەن 37 ساڵ و لارا جومعە محەمەدی تەمەن 30 ساڵ كە هەردووكیان خاوەنی كۆمپانیایەكن، بەرتیلیان پێشكەشی كاربەدەستێكی سەربازیی ئەمریكا كردووە لە بنكەی ئاسمانیی هەولێر لە عێراق بە ئامانجی بەدەستهێنانی گرێبەستی دابینكردنی كەلوپەل و خزمەتگوزاری بۆ سوپای ئەمریكا.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی راپۆرتەكە ئەو دوو كەسە خاوەنی كۆمپانیایەكن لە سەرەتای ساڵی 2020دا پێشنیاری پێدانی بەرتیلیان بۆ بەرپرسێك كردووە بە رێژەی 20%ی قازانجی ئەو گرێبەستەی كە بۆ هێنانی كەلوپەل و خزمەتگوزاری بۆ سوپای ئەمریكا بەدەستیدەهێنن، مانگی ئازاری ئەمساڵیش بڕێك پارەیان بەو بەرپرسە داوە.

برایان رابیت یاریدەدەری پارێزەری داواكاری گشتی ئەمریكا سەبارەت بە دۆسیەكە رایگەیاندووە: ئەو كارە بە ئامانجی كەمكردنەوەی هەوڵەكانی وەزارەتی بەرگری بووە بۆ گرێبەستێكی یاسایی لە دەرەوەی وڵات.


راپۆرتەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە "وەزارەتی دادی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ پاراستنی سوپای ئەمریكا لە رەفتاری گەندەڵی و ساختەكاری لە سەرتاسەری جیهاندا ".


1291 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations