هه‌ولێر: ده‌ستگیركردنی 4 تۆمه‌تبار ڕاگەیەندرا

18.09.2020

لڤین:

دژه‌تیرۆری كوردستان ده‌ستگیركردنی 4 تۆمه‌تباری راگه‌یاند، كه‌ بازرگانیانییان به‌ كه‌لوپه‌لی قاچاغه‌وه‌ كردووه‌ و له‌ رێگه‌ی نایاساییه‌وه‌ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو و هێلكه‌ و ده‌رمانی ماوه‌ به‌سه‌رچوویان هاورده‌ی ناو شاری هه‌ولێر كردووه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دژه‌ تیرۆری كوردستان:

دەستگیرکردنی چوار كه‌س به‌تۆمه‌تی بازرگانیكردن به‌ (چه‌ك و ده‌رمان و هێلكه‌)ی قاچاغ

له‌ درێژه‌ی هه‌وڵی بنبڕكردنی دیارده‌ی هه‌ر كارێكی نایاسایی و قاچاغ، له‌ هه‌فته‌ی رابردوو چوار كه‌س له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ستگیر كرا‌ن وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌‌ به‌ ناوه‌كانیان و ورده‌كارییه‌كان دراوه‌:

لە شه‌وی (10 له‌سه‌ر 11-9-2020)، كه‌سێك به‌ناوی (ئیبراهیم سه‌ردار حه‌سه‌ن) - دانیشتووی شاری هه‌ولێر - گه‌ڕه‌كی مامزاوه كه‌ كاری كڕین و فرۆشتنی هێلكه‌ ده‌كات، ده‌ستگیر كرا به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵی هێنانە ناوەوەی بڕی (84) کارتۆن هێلكه‌ی قاچاغ بۆ شاری هه‌ولێر ‌لە رێگای بازگه‌ی هیران - شه‌قڵاوه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی جۆری بارهه‌ڵگر ژماره‌ (192771/هه‌ولێر).

له‌ رێكه‌وتی (13-9-2020)، كه‌سێك به‌ناوی (ئارام عه‌ونی كه‌ریم) - دانیشتووی شاری هه‌ولێر - گه‌ڕه‌كی ژیان – پیشه: پۆلیس ده‌ستگیركرا به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵی هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی بڕی (7) كیسه‌ی گه‌وره‌ی كرێم و مه‌رهه‌می كۆزماتیكی قاچاغ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو بۆ شاری هه‌ولێر لە رێگای بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌وه‌.

3. له‌ رێكه‌وتی (14-9-2020)، دوو كه‌س له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیر كران به‌ تۆمه‌تی كاری قاچاغچیێتی چه‌ك به‌ناوه‌كانی:
أ- (مسته‌فا سه‌عید محه‌مه‌د حه‌مه‌د ئه‌مین)، ناسراو به‌ حاجی هه‌رووتی - دانیشتووی هه‌ولێر- گه‌ڕه‌كی هه‌ولێری نوێ - له‌ ماڵه‌كه‌یدا ده‌ستگیرا به‌سه‌ر 1250 دانه‌ ده‌مانچه‌ی توركی قاچاغ.

ب- (سه‌ڵاح به‌هرام تاهیر حه‌سه‌ن)، دانیشتووی هه‌ولێر - گه‌ڕه‌كی كورانی رێگای مه‌خموور - پێشه‌: پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینی یه‌كه‌ی (70)، له ‌ماڵه‌كه‌یدا ده‌ستگیرا به‌سه‌ر 10 دانه‌ ده‌مانچه‌ی توركی قاچاغ.

ئێمه وه‌ك دژه‌ تیرۆری كورستان دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاسایش له‌ چاودێریكردن و به‌شوێنداچوونی دیارده‌ی هێنانی ده‌رمان و خۆراكی قاچاغ و ماوه‌به‌سه‌رچوو‌ و هه‌ر كارێكی نایاسایی كه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئابووری و ئارامیی هه‌رێم بگه‌یه‌نێت، به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌موو رێوشوێنێكی یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر بۆ بنبڕكردنی ئه‌م دیارده‌یه‌

569 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations