بەڕێوەبەری بانكێك لە هەولێر بەهۆی دیارنەمانی دوو ملیار دینار دووردەخرێتەوە

17.09.2020

لڤین:
بەهۆی دزینی دوو ملیار دینار لە بانكێكی شاری هەولێر وەزیری دارایی بەڕێوەبەری بانكەكەی دوورخستەوە و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەشی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە. 


ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانی بە نوسراوێك پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لە دیار نەمانی بڕی دوو ملیار دینار پێكهێنا و هەر بەو هۆیەشەوە بەڕێوەبەرێكی نوێی بۆ بانكی منارەی شاری هەولێر دیاری كردووە. 

 وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم لەگەڵ دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری بانكەكە موزەفەر جەعفەر سدیق، بەڕێوەبەری پێشكەوتووی لە بانكی بێخاڵی دیجیتاڵی گواستووەتەوە بۆ بانكی منارە و وەك بەڕێوەبەری نوێ دەستبەكار دەبێت. 

 لیژنەكەی وەزارەتی دارایی ئەندامێكی داواكاری گشتی سەرپەرشتی دەكات، لێكۆڵینەوە لە دیارنەمانی بڕی دوو ملیار دینار دەكات لە بانكی منارە كە لەلایەن كارمەندێكی بانكەوە دزراوە و لە ئێستاشدا زۆرینەی پارەكەی گێڕاوەتەوە بەحكومەت. 

زانیاریەكان ئاشكرای دەكەن ئەو كارمەندە لەو كاتانەی پارەی بانكەكەی حەواڵە كردووە بڕێكی لێخستووەتەلاوە و بەوەش كۆی ئەو پارەیەی دزیویەتی زیاتر بووە لە دوو ملیار دینار، كارمەندەكە لە ئێٍتادا دەستگیركراوە و دانیبەتاوانەكەیدا ناوە. 



710 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations