جوتیار عادل ڕونکردنەوە لەسەر وەزارەتەکەی گۆڕان دەدات

17.09.2020

لڤین:
وتەبێژی حكومەتی هەرێم وەڵامی لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان دەداتەوە و بەرگری لە وەزیرێكی گۆڕان دەكات و ئاماری پڕۆژەكانی وەزارەتەكە ئاشكرا دەكات.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی یەك ساڵی تەمەنیدا، چەندین پرۆژەی گرنگی رێگاوباون لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كردووە.

دوای كۆنگرەی رۆژنامەوانی لیژنەی ئاوەدانكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان وتەبێژی حكومەت ئەو روونكردنەوەیە بڵاوكردەوە و تیایدا دەشڵێت: ئەوانەی كە چاویان بە كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی ئێستا هەڵنایەت، بە لێدوانی چەواشەكارانە هەوڵی بەلارێدا بردنی رای گشتی و خراپ بەكارهێنانی سۆز و عاتیفەی هاووڵاتییان سەبارەت بە رووداوەكانی هاتووچۆ دەدەن.

وتەبێژی حكومەت وەك بەرگریكردنێك لەوەزیری ئاوەدانكردنەوە كە لە پشكی گۆڕان وەزیرە ئەوەشی وتووە، لە مانگی تەمووزی ساڵی 2019 تا تەمووزی 2020، (22) پرۆژەی رێگاوبان بە بوودجەی (110,791,000,000) دینار جێبەجێكراون و سەرپەرشتیی (69) پرۆژەی بەردەوامی رێگاوبان دەكات كە بە بوودجەی (2,475,868,000,000) دینار جێبەجێ دەكرێن.

جوتیار عادل دەشڵێت"(2,437,072) پرۆسەی كێش كردن لە وێستگەكانی كێش لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەرین جێبەجێكراون".

وتەبێژی حكومەت بەرگری لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كردووە كە پێشتر لیژنەكەی پەرلەمان رەخنەی لە وەزارەتەكە گرتبوو، لەو بارەیەوە دەشڵێت: وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە هەڵمەتی خێرای چاككردنەوەی رێگاوبانەكانی نێوان شارەكان لە ماوەی (70) رۆژدا، (79) پرۆژە بە بەهای زیاتر لە (42) ملیار دینار لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك جێبەجێ كردووه.

لیژنەكەی پەرلەمان وتبووشی وەزیری ئاوەدانكردنەوە لەكۆی 425 رۆژ تەمەنی 425 بلۆكی بۆ ئاوەدانكردنەوە نەخستووەتە سەر یەكتری و لەبارەی رێگاوبانەكانەوە دەڵێت "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەنیا لە بەشی رێگاوباندا، بەشی كۆتایی پرۆژەی ستراتیژیی 120 مەتری هەولێر لە نێوان رێگای سەرەكیی هەولێر و مووسڵ تا رێگای هەولێر كەركوك بە گوژمەی زیاتر لە 88 ملیۆن دۆلار جێبەجێ كردووه. شەقامی بارزانی لە دهۆك بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانییەوە بە بەهای 69 ملیار دینار جێبەجێ كراوە. هەردوو پرۆژەی 150 مەتری هەولێر و 100 مەتری سلێمانیش لە جێبەجێكردندان".

2546 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations