خانەوادەی خێزانە كوردەكە راستی رووداوەكە ئاشكرا دەكەن

17.09.2020

لڤین:

كەسێكی نزیك لەو خێزانە كوردەی لەبەغدا شەهید كران وردەكاری و راستی رووداوەكەی ئاشكراكردو رایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی بڵاوكراونەتەوە لەسەر سەربڕین و لێكردنەوەی قاچ و دەستیان دوورە لەڕاستییەوەو رووداوەكەش تەنها دزیكردن بووەو  پێش دەستگیركردنی بكوژەكەش لەبەغدا سكاڵایان لەسەر ئەو كەسە تۆماركردوە كە پاسەوانی كونسوڵخانەی روسیایەو نزیكەی 20 مەترێك لەماڵەكەوە دوورە. 

محەمەد قادر خوشكەزای دارا رەووف سەعید سەرۆكی ئەو خێزانە كوردەی لەبەغدا لەلایەن كەسێكەوە شەهیدكران، دوای گەڕانەوەی تەرمی خێزانەكە لەسلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:بەهیچ شێوەیەك ئەندامانی خێزانەكە سەرنەبڕدراون و قاچ و دەستیان لێنەكراوەتەوەو دەستدرێژیش نەكراوەتە سەریان، ئەوەی هەیە كارێكی دزیكردن بووەو كچەشیان بەسەر رووداوەكەدا هاتوەتەوە.

وتیشی: ئەوەی تاوانەكەی ئەنجامداوە پاسەوانێكی كونسوڵخانەی روسیاسیەو نزیكەی 20 مەترێك لەشوێنی نیشتەجێبوونی ماڵی خاڵمەوە دوور بووەو ماوەی چوار ساڵیشە یەكتر دەناسن، بەهۆی ئەوەی خاڵم كەسێكی كۆمەڵایەتی بووە تێكەڵی لەگەڵ ئەو كەسەدا هەبوەو چوەتە ماڵەكەیان و تاوانەكەی ئەنجامداوە.

محەمەد قادر ئەوەشی خستەڕووە: خاڵم كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەبووە، ئەوەشی باس دەكرێت لەبارەی فرۆشتنی موڵك و دەرمانخانەی كچەكەی بۆ گەڕانەوە بۆ سلێمانی دوورە لەڕاستییەوە.

راشیگەیاند: پێش دەستگیركردنی بكوژەكە، لەبەغدا سكاڵامان لەسەر ئەو كەسە تۆماركردوەو هێزە ئەمنییەكانی عیراق كە ئەركەكەیان پێسپێردرابوو  رۆڵێكی زۆر باشیان هەبوو بۆ دۆزینەوەی بكوژەكەو د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراقیش كە تاكە لایەنی كوردی بووە بەردەوام لەگەڵمان بووەو هاوكارێكی باشمان بووە.

لەبەشێكی تری كۆنگرەكەدا ئاشكراشیكرد: ئەوەی دەستگیركراوە بكوژەكەیەكەو هیچ كەسێكی تر لەوێنەو ڤیدیۆییەكانی چاودێریدا نیە، داواش لەكونسوڵییەی روسیا كراوە وێنەو ڤیدیۆكان بۆ لێكۆڵێنەوە پێشكەش بەلایەنە تایبەتەكان بكات، بەڵام دەبێت لەڕێی وەزارەتی دەرەوەی عیراقەوە ئەو كارە لەگەڵ باڵیۆزخانەی روسیا بكرێت، جگە لەوەش مۆڵێكیش لەنزیك شوێنەكەیەو لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەكان وێنەو ڤیدیۆی كامێرا چاودێرییەكانی بەكاردەهێنن.

بەوتەی محەمەد قادر، خاڵی لەساڵی شەستەكاندا لەفەرمانگەیەكی حكومەتی عیراقدا دامەزراوەو فەرمانبەر بووە، بەڵام درەنگ خێزانی پێكهێناوە، خێزانەكەشی خاوەن بڕوانامەی ماستەر بووەو لەوەزارەتی ئەوقاف دەوامی كردوەو كچەكەشی كە كۆلێژی دەرمانسازی تەواو كردوەو لەدەرمانخانە كاریكردوە، ئەو شوقەیەشی تێدا نیشتەجێبوون لەلایەن حكومەتەوە دراوەتە خێزانەكەیی.

2965 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations