دەقی دانپێدانانی بكوژی خێزانە كوردەكەی بەغداد

16.09.2020

لڤین: 
دژەتیرۆری كوردستان دانپێدانانی كەسێكی بەناوی مەهدی حوسێن بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەو كەسە كارمەندی وەزارەتی ناوخۆیە و پاسەوانی باڵێزخانەی روسیایە لە بەغداد. 

نە گوێرەی زانیاریەکانی لڤین پرێس ئەوانەی دەستگیرکراون سێ کەسن، بەڵام دەزگاکە تەنها دانپێدانانی تەنها یەک کەسی بڵاو کردووەتەوە.
دەقی راگەیەنراوی دژە تیرۆری كوردستان

دوای ئەوەی زانیاریمان دەستكەوت كە ئەو بكوژەی شەوی ١٤-٩-٢٠٢٠، لەنێو باڵەخانەیەكی گەڕەكی مەنسوور لە بەغدا خێزانێكی كوردی بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە كوشتووە كە خێزانەكە لە دایك و باوك و كچێكیان پێكهاتبوو و ناوبراو خۆی لە هەولێر حەشارداوە، دوای بەشوێنداچوون و چاودێری توانیمان شوێنی ناوبراو بدۆزینەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیر بكرێت و دوای لێكۆڵینەوە ناوبراو دانی بە تاوانەكەی نا كە ئەمەش دەقی دانپێدانانەكەیەتی:

ناوم (مەهدی حوسێن ناسر مەتەر)، لە دایكبووی ساڵی ،١٩٨٤ دانیشتووی بەغدا ناوچەی حەبیبیە، دەوامم لە وەزارەتی ناوخۆیە - پاسەوانیی باڵیۆزخانەكان، بە دیاریكراویش باڵیۆزخانەی روسیا.

پیش ٤ ساڵ كەسێكم ناسی بە ناوی باوكی شیلان، پیش دوو رۆژ لەمەوبەر پێوستم بە بڕێك پارە هەبوو، چونكە قەرزاربووم، چوومە لای لە شوقەی خۆی و بەیەكەوە دانیشتین، داوای ئەو گوژمە پارەیەم لێ كرد، بەڵام ئامادە نەبوو و وتی: نیمە. دەمەقاڵێمان بوو، چەقۆیەك لە نزیكم بوو، بە چەقۆ لێمدا و كەوتە سەر زەوی، ویستم ئاسەواری تاوانەكە بشارمەوە لەو كاتە هاوسەرەكەشی هاتەوە، من شۆك بووم و شڵەژام و ئەویش دەستی بە هاوار و قیژە كرد و ئەویشم دایە بەر چەقۆ و كەوتە سەر زەوی، تەرمەكانیانم لە ژوورەكە بردە حەمام و بۆری ئاوەكەم كردەوە لەو كاتەدا شیلان هاتە ژوورەوە.

كاتێ شیلان هات و بارودۆخەكەی بینی شڵەژا، ویستم هێوری بكەمەوە، هێور نەبوویەوە بە تەپڵەكە جگەرەیەك كێشای بە سەرمدا، منیش دوو بۆكسم لێ دا و كەوتە سەر زەوی، سەرینێك لەوێ بوو لەسەر دەمیم دانا و كوشتم. هەوڵمدا ئاسەواری تاوانەكە بشارمەوە، بەڵام نەمدەزانی چی بكەم و بۆ كوێ بڕۆم، شوێنەكەم خاوێن كردەوە و بۆ پارە گەڕام، گوژمە پارەیەكم دۆزییەوە، بەڵام نازانم چەند بوو، نزیكی ١٠ هەزار دۆلارێك یان زیاتر دەبوو، هەندێ پارەی عێراقیشی تێدا بوو. پارە و مۆبایلەكانم برد، چەقۆكەشم لەگەڵ خۆم برد و لەناو كیسەیەكم دانا و دەرچووم. بۆ كوێ بچم. بۆ كوێ بچم، چوومە ناوچەی قەنات و چەقۆ و مۆبایلەكانم لەوێ فڕێدا، گوتم با بچم بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلێكی تایبەتم گرت و هاتمە هەولێر. لە یەكێك لە هۆتێلەكان دابەزیم، ویستم لە هەولێرەوە سەفەر بكەم بۆ دەرەوەی وڵات، رۆژی دواتر ویستم ڤیزایەك بۆ توركیا یان بۆ شوێنێكی تر پەیدا بكەم، بەڵام دەستم نەكەوت و گەڕامەوە هۆتێل و لەوێ دەستگیر كرام.


1374 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations