چیرۆکی ژیان و کوژرانی خێزانە کوردەکە لە بەغدا

16.09.2020

لڤین:
ئەو خێزانە کوردەی بەرەبەیانی دوێنێ لە بەغدا کوژران، نیازیان هەبووە بگەڕێنەوە سلێمانی و لەوێ نیشتەجێ ببن، بەڵام ئەمڕۆ تەرمەکانیان دەگاتەوە.

بەرەبەیانی دوێنێ لە بەغدا، دارا رەئووف، عالیە نەجمی خێزانی و شیلانی کچیان بە دڕندانەترین شێوە لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکێکی بەغدا کوژران، کە بەوە ناسراوە ئەمنییەتێکی زۆری هەیە!

ئاشنا بابان، خوارزای دارا رەئووف، چیرۆکی چۆنییەتی کوژرانی خێزانی خاڵی ئاشکرای کرد"ماڵی خاڵی هەموو شتێکیان لە بەغدا فرۆشتووە و بەنیازبوون بگەڕێنەوە کوردستان و لە سلێمانی نیشتەجێ ببن".

هەرچەندە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردبووەوە ئەو خێزانە سەربڕدراون، بەڵام ئاشنا دەڵێ "ئەوەی لە هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئێمە گەیشتووە ئەوەیە: خاڵم و خاڵۆژنم بە چەقۆ کوژراون، شیلانی کچی خاڵیشم بەستراوەتەوە و خنکێنراوە".

دارا و هاوژینەکەی لەدایکبووی ساڵانی پەنجاکانن، هەردووکیان خانەنشین بوون. دارا خەڵکی سلێمانییە و پێش خانەنشینبوونی بەڕێوەبەری گشتی بووە لە بەغدا، عالیەی خێزانیشی خەڵکی کۆیەیە و پێشتر بەڕێوەبەری بەشی مزگەوتەکان بووە لە دیوانی وەقفی سونی.

ئاشنا بابان باسی لەوەکردوە"شیلانی کچی خاڵم پزیشکی دەرمانسازی بوو، چالاکوانیش بوو، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا زۆر یارمەتیی بریندارەکانی داوە".

ئاشنا ئاماژەی بۆئەوەشکردوە"ئەوان ماوەی هەفتەیەکە شوقەیەکیان لە سلێمانی بەکرێگرتووە بۆ ئەوەی کە ماڵی خاڵی گەڕانەوە، تێیدا نیشتەجێ ببن، "کەچی بەداخەوە چاوەڕوانین ئەمڕۆ تەرمەکانیان بگاتەوە و بەخاکیان بسپێرین".

بە وتەی ئاشنا"رووداوەکە پیلانبۆداڕێژراو بووە و بەمەبەستی دزی بووە".

3332 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations