فەزیحەیەکی دیکەی حکومەتی هەرێم بەرامبەر فەرمانبەران ئاشکرا دەبێت

15.09.2020

لڤین:

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان یارییەكی دیكە بە مووچەخۆرانی هەرێم دەكات و دەیەوێت لە 21% لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران ببڕێت و ناویشی دەنێت چاكسازی.

د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان بەمیدیای حزبەكەی ڕاگەیاند، مەترسییەكی دیكەی گەورە خەریكە ڕووبەڕووری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.

وتیشی"حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە لە 21% مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران ببڕێت كە ئەمەش فێڵێكی دیكەی حكومەتی هەرێمە بۆ زیاتر بڕینی مووچەی فەرمانبەران".

ئاشكراشیكرد"هەنگاوی دووەمی هەنگاوەكانی حكومەت دەیەوێت بە یاسای چاكسازی دەستكاری دەرماڵەكانیش بكات كە ئەوەش ڕێژەی دەستكارییەكە بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام لە ڕووكەشدا ناوی دەنێت چاكسازی و بەو هۆیەشەوە لێبڕین بەرزتر دەكاتەوە نەك ئەوەی كەمی بكاتەوە.

ڕوونیشیكردەوە"وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو بەردەوام دەبن لە داكۆكیكردن لە مافی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چونكە ناكرێت حكومەت بە ئارەزووی خۆی و بۆ هەر مانگێك بڕە پارەیەك لە مووچەخۆران ببڕێت".

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێم بە بیانووی نەبوونی بودجە 21%ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە.

4926 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations