مەلا بەختیار، لە ئافەرۆزەبونی ناو حزبەوە بۆ ئافەرۆزەبونی لە مێژودا

14.09.2020

لڤین: وەرگیراوە لە هەژماری هۆشیار عەبدوڵا


یەک: هیچ کات مەلا بەختیار ئەوەی بۆ نەشاردراوەتەوە کە گرێی رابردو و شەری کۆنە قینی بۆ تێناپەرێنرێ،ئافەرۆزەبونیشی لەناو یەکێتی هێندەی تر خوێی کردوە بە برینی گرێ دەرونیەکانیدا بۆیە بە دیدی من جواب نەدانەوە و بە هەند وەرنەگرتنی شیاوترین جوابە چونکە هەمو ئامانجی ئەو ئەوەیە بێتەوە ناو باسان.


 دوو: کاک نەوشیروان لە چەند کتێبێکی سەنگیندا بەو پەری بێمنەتیەوە قسەی خۆی بۆ مێژو کردوە،ئەگەر هەن پێیان وایە دەبێ جواب بدرێتەوە ئەوا بە پلەی یەکەم ئەرکی ئەمانەیە:۱.ئەوانەی لە شاخ هاوڕێی کاک نەوشیروان بون و ئێستا لە گۆڕاندان. ۲.ئەوانەی لە ئاش هاورێی کاک بەختیار بون و ئێستا لە گۆڕاندان.
جواب نا چەند وردە سەرنجێکی کورت و خێرا:


ئەگەرچیی بە جدی پێم وایە مەلا بەختیار بە ئیهمالکردن وەڵامی راستەقینە وەردەگرێ بەڵام بۆ ئەوەی ئەو دو گروپەی ناو گۆڕان کە لە سەرەوە باسمکردن نەڵێن باسی جوابی ئێمە دەکا و شانی خۆی خاڵێ دەکا ئەم چەند دێرەی خوارەوە یاداشت دەکەم.


لە دوای دروستبونی گۆڕانەوە و لە باسی سەردەمی ئێستادا هیچ کات هێرشی مەلا بەختیارمان بۆسەر گۆڕان بێ وەڵام جێنەهێشتوە بەس کە دێتە سەر باسی سەردەمی شاخ و ئاش تەمەنی ئێمە هی ئەو سەردەمە نیە و رەوا نیە باسی بکەین دەبێ هاوزەمانەکانی جوابیان هەبێت.


چاوپێکەوتنێک بە تەکلیفی کاک نەوشیروان و بە دڵی مەلا بەختیار!
بەش بە حاڵی خۆم شایەتی روداوێکم کە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کاک نەوشیروان هیچ کات شەری کۆنە قینی لەگەڵ مەلا بەختیار نەکردوە، کە لە کەی ئێن ئێن بوم جارێک ( بە پێکەنینەوە ) پێی وتم بەشێک لە سەرکردەکانی ناو یەکێتی کە رۆیشتون بەلای پارتییدا لە ترسی ئێوەیە ( مەبەستی کەی ئێن ئێن ) بوو.


وتم: بۆچی؟
وتی: لەبەر ئەوەی پێیان وایە ئێمە دەسەڵاتمان هەبێت دانیشتنیان ناکرێ لەم شارە و دەریان دەکەین.
بە پێکەنینەوە وتم: کەواتە لە تۆ دەترسن نەک ئێمە.
وتی: کاکە گیان ئێوە لە کەی ئێن ئین دەتوانن کەمێک دلنیاییان بدەنێ کە هێندە نەترسن.
وتم: چۆن؟
وتی: موقابەلەیان بکەن،ئێوە بەدرێژایی ساڵ دەیان کوتن سەعاتێکیان بدەنێ با داکۆکی لە خۆیان بکەن چیی دەبێت؟!
وتم: بەڵێ باشە.


لە فەیسبوکەوە بە چاتی ماسنجەر قسەم لەگەڵ مەلا بەختیار کرد کە دەمانەوێ چاوپێکەوتنێکت لەگەڵدا بکەین.
سەرەرای ئەوەی دڵنیایم دایە هەستم بەوە کرد قەلەقە و پێی وایە دەمانەوێ بیشکێنین یا پرسیارەکان نەوعێک بێ.
سەرەتا وتی باشە لە دەرفەتێکدا پاش ماوەیەک جوابی گێرایەوە رازی بوو.
هاتم بۆ لای کاک نەوشیروان پێم گوت مەلا رازی بوە و بە نیازی ئەو پرسیارانەم.
سێ چوار پرسیارم بۆ خوێندەوە باسی وەعدی کارەباکە و کوشتنی خۆپیشاندەر لە ۱۷ ی شوبات و ئەو دیموکراسیەی کاک بە ختیار ئیدیعای دەکا .
کاک نەوشیروان توڕە بو.
وتی ئەوە دەرفەتێک نیە کە ئەو هەست بە دڵنیای بکا لە بەرامبەر ئێمە تۆ دەرۆی موحاسەبەی دەکەیت ئەگەر بۆ ئەوە دەچیت زیاتر پاڵی پێوەدەنێی بەلای پارتیدا بکەوێ هەر مەیکە باشترە.
وتم ئەی چیی بکەم خۆت لە قسە کردندا ئەو لەهەمومان باشتر دەناسی دەبێ سنورێکی بۆ دانێم.
پێی وتم بڕۆ چی دەڵێ با بڵێ جوابی مەدەرەوە تەنانەت ئەگەر قسەی بە منیش گوت.
بە نا بەدڵیەوە رۆیشتم و دەمزانی لەسەرم دەکەوێت بەڵام وەک خۆی قسەکەی کاک نەوشیروانم جێبەجێ کرد.
کە چوم بۆ چاوپێکەتنەکە زۆر ئاکاری بەد و ناشرینم لێی بینی.


بۆ نمونە کامێرایەکی خۆی دانابو گوایە نەبادا قسەکانی ببرین! بە سەرەتایەکی پڕ لە منەت و خۆ بەزلزانی دەستی پێکرد!


من تەنها یەکجار و لە فەیسبوکەوە داوای چاوپێکەوتنم کردبو ئەو وای باسکرد ماوەیەکی زۆر و چەندین جارە داوامان کردوە،قسەکەیەم بە ناراست گێرابا لە دەقەی یەکەمەوە گفتوگۆکە تێک چوو بو.


بەڵام چونکە دەست و پێم بەو وەعدە بەسترابو کە بە کاک نەوشیروانم دابو دانم بە خۆمدا گرت و خراپترین چاوپێکەوتنم لە ژیانی رۆژنامەوانیمدا ئەنجامدا و بە هۆیەوە لە لایەن گۆڕانخوازانەوە هێرشیكی زۆرم کرایە سەر کە بێگومان حەقیان بوو بەڵام هیچ داکۆکیەکم نەکرد لە خۆم . ئێستاش ئەوە یەکەمجارە باسی دەکەم.


بەداخیشەوە ئەم هەوڵە و هەوڵەکانی تری کاک نەوشیروان لەگەڵیدا رێگەی لەوە نەگرت نەبێتە بەشێک لە ئەجێنداکانی پارتیی.


مەلا بەختیار وەک پرۆپارتیەکی دڵسۆز!
تا مامجەلال لە ژیاندا بو خۆی وەک دڵسۆزترین کەسی رێکەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان نیشانی مامجەلال و کاک نەوشیرواندا، کە مامجەلال نەخۆشکەوت بە ئاشکرا کەوتە دژایەتی رێکەوتنەکە و ئەمەشی تەنها بۆ پارتی و لەبەر پارتی کرد!


کاک بەختیار لەو چاوپێکەتنەی روداو دەیان دژیەکی لە قسەکانیدا هەیە کە زۆر ئاسان باس لە حەقیقەتی خۆی دەکا.


بەرنامەکەی پڕە لەو نمونانەی کە بە دەمی خۆی ئیدانەی خۆی دەکا.هیوادارم دەرفەت هەبێت سەروەختێک بە دەمی خۆی و لە فاصیلێکی میدیاییدا قسە دژەکانی نیشانی رایگشتی بدەم.


بۆ نمونە دەڵێ مام جەلال نەیهێشتوە بمکوژن!لە جێگەی تر دەڵێ نەوشیروان چیبکردایە دەیکرد و مامجەلال ئاگای لێی نەبو زۆریش لە کارەکانی بێزار بو.


راستیەکە ئەوەیە کە گەورەترین رێگر لە کوشتنی مەلا بەختیار خودی کاک نەوشیروان بوە چونکە بە قسەی خودی مەلا خۆی ئەو چیی ویستبێ کردویەتی خێرە تەنها نەتوانیوە کوشتنی ئەو جێبەجێبکا.


جیا لەوەی نامەی دەستخەتی مامجەلال هەیە بۆ دکتۆر کەمال فوئاد کە باری سەرنجی مامجەلال لەسەر مەلا بەختیار دەر دەخات.


لەو چاوپێکەوتنەی روداو لە باسی ئەوەی بۆ لە چونە ناو زەحمەتکێشان پەشیمانە مەلا بەختیار بە تەواوی باسی حەقیقەتی ئەوە دەکات کە بۆ سیاسەت دەکا و ئامانجی چیە و چاوی لە چیە؟


ئەو دەڵێ سێ هۆکار وایانکرد لە زەحمەتکێشان پەشیمان بم، دوانیان ئەمانەن:


یەک: بە موئامەرە نەیانهێشت ببمە پەرلەمانتار یا وەزیر. ( واتە لەبەر پۆست).
دو: نامەم نوسی ( گوایە بۆ دایکی شەهیدێک بوە بەس ناڵێ کێیە ئەو دایکی شەهیدە؟! ) دو سەد دینارئ بۆ سەرف بکەن، نەکراوە. جا دەڵێ بۆ مامجەلالم نوسیبا ۲٠ هەزار دیناری(سویسری، پارەی ئەو کاتە)ی بۆ سەرف دەکرد. واتا زانیویەتی لای مامجەلال چەورترە تا زەحمەتکێشان .هەر دوای ئەوە چۆتەوە ناو یەکێتی ( کێشەی پارە).
خۆزگە کاک بەختیار جورئەتی ئەوەی دەکرد تا مامجەلال و کاک نەوشیروان لە ژیاندان ئەو هەمو رق و کینەیە هەڵرێژێ و مێژویەک هەڵبداتەوە کە بۆ سود لێبینین نیە بۆ ژیاندنەوە و کولاندنەوەی دوژمنایەتی و کۆنە قینە.


یەکێتی باکی بە مێژوی خۆی نیە!؟
شتێک کە جێگەی سەرنج و رەخنەیە ئەمەیە؛
ئەوەی مەلا بەختیار لە بەرنامە تەلەفزێۆنیەکەی لە کەناڵێکی پارتییەوە و لە کتێبەکەشیدا هەوڵی رەشکردن و ناشرینکردنی ئەدا هەر مێژوی نەوشیروان مستەفا نیە مێژوی یەکێتیە بەگشتی کەچیی دەبینی هەر گۆڕانەکان هاتونەتە جواب و یەکێتیەکان هەست بەو هەمو ئیهانەیە ناکەن کە بە مێژوی حزبەکەیانی کردوە؟!هەندێکیان خۆیان بە دڵسۆزی یەکێتی دەزانن کەچی بۆ هێرشەکانی مەلا بەختیار بۆ سەر مێژوی حزبەکەیان ئەلێی رۆنت لە جەستەیانداوە هیندەیان پێ خۆشە!
دوو خاڵ لە کۆتاییدا:


یەک: مەعلومە ڕای من لەسەر کوردایەتیەکەیان و مێژوی شاخ بەگشتی چیە و ڕونە لای هەمو کەس کە پڕیەتی لە ناشرینی و بە دڵنیاییەوە کاک بەختیار یەکێک نیە لە دەموچاوە جوانەکانی ئەو مێژوە وەک خۆی ئیدیعای دەکا.


دوو: تاکە یەکجار و لە هیچ نوسین و بۆنە و موناسەبەیەکدا نەوشیروان مستەفا خۆی بێبەری نەکردو و نەیوتوە من فریشتەم هەمو جارێک وتویەتی من بەرپرسیار بوم و تەحەمولی هەمو باشیی و خراپیەک دەکەم.


ئەمەش گەورەترین جیاوازی نێوان مەلا بەختیار و کاک نەوشیروانە،یەکەمیان بەردەوام کتێب دەنوسێ و دەڵێ من قوربانی بوم و من فریشە بوم کەچی خەڵک باوەری پێ ناکا! دوەمیشیان دەڵێ من بەرپرسیارم لە هەمو باشی و هەڵەیەکی ئەم مێژوە کەچیی بینیمان لە ژین و مەرگدا خەڵک چیان بۆ کرد؟!


دوای ئەوەی نەبو بە سەرۆک کۆمار و نسکۆی کۆنگرەشی بەسەردا هات هەستم بە زەبرێکی دەرونی گەورەکرد لەسەر ئاکار و جوڵە و قسەکانیی مەلا بەختیار،ئێستا و دوای ئەو بەرنامە و کتێبە ئاسەواری ئەو زەبرە دەرونییە زۆر رونتر و ئاشکراترە لای هەموان.


کێشەکەش ئەوەیە ئەم هەوڵەی راستە کاردانەوەی هێنا بەدوای خۆیدا بەڵام سەرەنجام هیچ ناچنێتەوە جگە لەوەی لە ئافەرۆزەبونی قوڵی ناو حزبەکەیەوە هێندەی تر لە مێژودا کەنار دەکەوێ و ئافەرۆزەتر دەبێ!

1147 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations