وەزیری تەندروستی: نرخی نەخۆشخانە ئەهلیەکان جارێکی دیکە بۆ نیوە کەم دەکرێتەوە

11.08.2020

لڤین:
وەزیری تەندروستی رایگەیاند نرخی نەخۆشخانە ئەهلیەکان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا جارێکی دیکە کەم دەکرێتەوە بۆ نیوەی ئەو نرخەی بڵآو کراوەتەوە.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نیوەی ئەو نرخەی  کە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا دیاریکرابوو کەمکرایەوە و هەوڵدەدەین کەمتریشی بکەینەوە بەشێوەیەک کە هەموو نەخۆشخانەکان بیر لە بەرژەوەندیی نەخۆش بکەنەوە، نەک قازانجی خۆیان.

ناوبراو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتیشی: هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا بەهاوکاری خێرخوازان چەندین سەنتەری چارەسەرکردنی نەخۆشیە گوزراوەکان کرایەوە و ئەوەش هاوکاری حکومەت بوو لە پێشکەشکردنی چاودێری و چارەسەر بە تووشبووانی کۆرۆنا، بەڵام بەرزبونەوەی زیاتری ژمارەکان وایکردووە، وەزارەت داوا لە کەرتی تایبەت بکات هاوکار و هەماهەنگ بن لە پاراستنی گیانی تووشبووانی کۆرۆنا، بۆیە لە ماوەی رابردوودا نرخەکانی تایبەت بە چارەسەری توشبوانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان بڵاوکرایەوە.

ئەو قسانەی وەزیری تەندروستی دوای کۆبونەوەی هات لەگەڵ لیژنەی پەرلەمان و سەندیکای پزیشکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستوەتەگەڕ، بەڵام بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە هاوکاری هاوڵاتیان هەیە.

772 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations