هەپەگە: لە دوێنێدا توركیا 34 كەسی لێكوژراوە

09.08.2020

لڤین: 
هەپەگە رایگەیاند لە دوێنێدا 34 سەربازی توركیا و سیخوڕێكی ئەو هێزانەیان كوشتووە، 22 لەو سەربازانەی توركیا لە سنوری زاخۆ كوژراون.  


ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، رۆژی رابردوو لە ناوچەی هەفتانەین، شەڕێكی قورس لە نێوان گەریلاكانیان و سوپای توركیا روویداوە. هێزەكانیان لە حەوت قۆڵەوە دەوری سوپای توركیایان داوە و توانیویانە 22 سەرباز و سیخوڕێكی توركیا بكوژن و هەشت سەرباز و سیخوڕێكی دیكەش برینداربوون. سەرەڕای ئەوەش گەریلاكان توانیویانە دەست بەسەر ژمارەیەك كەلوپەلی سەربازی سوپای توركیادا بگرن و بە بێ زیان لە شەڕەكە گەڕاونەتەوە. 


هەپەە راشیگەیاندووە،  شەوی رابردوو لەنێوان گوندی هێشەت و ئوسیانێی ناوچەی بەرواری سێرت، گەریلاكانیان چالاكییەكیان لەدژی كاروانێكی سوپای توركیا ئەنجامداوە و لە ئاكامدا ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆشی جۆری كۆبرا تێكشكێنراوە و 12سەربازی توركیاش كوژراون.


ئەوەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری توركیا لە ئاماری كوژراوەكانی خۆیدا رایگەیاند تەنها یەك سەربازیان كوژراوە و یەكێكی دیكەش بریندار بووە. 

733 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations