دەست بە تاپۆکردنی موڵکە زیادەڕۆکانی سلێمانی دەکرێت

09.08.2020

لڤین:
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەو موڵکانەی دەکەونە سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانیەوە دەتوانن مامەڵەکانیان بە مەبەستی تاپۆکردن  ئەنجام بدەن و دوا وادەشی دیاریکرد.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئاب، لەبارەی تاپۆکردنی خانوو و زەویی ئەو گوندانەی دەکەونە ناو ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانییەوە، لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکاندا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و بڕیاری تاپۆکردنی خانوو و زەوییەکان درا. 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی پارێزگای سلێمانی "لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکار و ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی 12ی ساڵی 2012ی تایبەت بە تاپۆکردنی خانوو و زەوییە زیادەڕۆکان دانران."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە ڕۆژی 15ی 8ی 2020ـەوە تا ڕۆژی 31ی 12ی 2020 دیاریکرا بۆ ئەوەی هەر هاوڵاتیەک بەپێی یاساکە مافی هەیە، فۆڕمی تایبەت پێشکەش بە لیژنە لاوەکییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بکات."

پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە "وابڕیارە لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەموو ئەو زەوی و موڵکانەی لە یاساکەدا دیاری کراون، بەپێی ڕێکارە یاسایی و هونەری و ئەندازەییەکان تاپۆ بکرێن."

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "هەر هاوڵاتییەک تا ڕۆژی 31ی 12ی 2020 داواکاری پێشکەش نەکات، موڵکەکەی بەپێی یاسا دەبێتە موڵکی شارەوانی و مافی کەسی بەسەریەوە نامێنێت."

506 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations