ھاونیشتمانی ئازیز

08.08.2020

لڤین: وەرگیراوە لە د.زانا دزەیی*

لە ئێستادا شەپۆڵ و ھێرشی ڤایرەسی كۆڕۆنا لە بەرزبوونەوەیە بەتایبەت لەشاری ھەولێر، تا پێت دەكرێت ئەركێكی ئینسانییە كە زۆر پێویستی نەكرد نەچیتە دەرەوە و قەڕەباڵخیی و لە ئەگەری چوونە دەرەوەت ماسكی گونجاو ببەستە.


لەخوارەوە ھەندێ ڕێنمایی گشتییم بۆتان ڕوون كردۆتەوە، تكایە وەك ئەركێك بڵاوی بكەنەوە بۆ ئەوەی زۆرتریین كەس سوودی لێببینێت.

تا و كۆكە و بێھێزیی و ئازاری ماسولكەت ھەیە؟! بۆن و تامكردنت نەماوە؟! لەگەڵ ئەمانە ئێڵنج و سكچوون و سەر ئێشەت ھەیە؟

ئەوە تۆ ٪٩٠ زیاتر دەشێ تووشی كۆڤید_كۆڕۆنا بووبیت،

ئەگەر ھەناسە تەنگییت نییە، ئەگەر كۆكەیەكی بێزاركەرت نییە، ئەگەر تایەكەت بەردەوام لە بەرزبوونەوە نییە، ئەگەر پەنجە و لێوەكانت شین ھەڵنەگەڕابن، ئەوا دەتوانی لە ماڵەوە خۆت چارەسەر بكەیەت بەپێی ئەو پڕۆتۆكۆڵە:

-نەشڵەژان و نەترسان، بەڵام چاودێریی خۆت بكە.

-خۆت لە كەس و كارت جیا بكەوە لە ژوورێكی تایبەت و ماسك بە بەردەوامی ببەستە تا ڤایرەسەكە سووڕی ژیانی تەواو دەكات، تێكەڵی كەس مەبە و تا سێ ڕۆژ دوای تەواوبوونی نیشانەكانت، یان دە ڕۆژ لەسەرەتای سەرھەڵدانی نیشانەكانت، مەچۆرە دەرەوە. ھەموو شتێكت لەگەڵ خێزانەكەت جیا بكەوە.

-پێوانی ڕێژەی ئۆكسجین لە خوێنت بكە بە جیھازی pulse oximeter كە لە زۆربەی فڕۆشگای كەلو پەلی تەندروستیی ھەیە، ڕۆژانە ئەمە بەیانیان و عەسر و شەوان بكە، ھەروەھا پێوانی گەرمی لەشت بكە بە گەرمییپێو، ڕۆژانە بەیانیان و عەسر و شەوان.
ئەگەر ڕێژەی ئۆكسجین لە خوێنت دابەزی بۆ كەمتر لە ٩٤٪، ئەوا پێویستە یان سەردانی نەخۆشخانە بكەیت یان پزیشكی پسپۆڕ ئاگاداربكەیتەوە، ئەگەر بۆ زیاتر لە ٤٨ كاژێر تایەكی زۆرت ھەبێت و بە ھیچ دانەبەزێت، ئەوا بەھەمان شێوە سەردای نەخۆشخانە بكە یان پزیشكی پسپۆڕی لێ ئاگاداربكەوە.

-پشووی تەواو بدە، لە ھەفتەی یەكەم وەرزش مەكە تەنھا پشوو بدە، پاشان دەتوانیت ڕۆژانە نیو كاتژمێر بۆ چل خولەك ڕێكردنت ھەبێت.

-ڕۆژانە ھەشت بۆ دە سەعات بە تەواویی بخەوە، ڕۆژانە بەتایبەت بەیانیان بۆ ماوەی چارەگە سەعاتێك خۆت بدە بەر تیشكی خۆر بە جۆرێك دەست و قاچ و سەر و ملت ڕووت بن.

-تا پێت دەكرێت ئاو زۆر بخۆرەوە، ڕۆژانە ھەشت بۆ دە پەرداخ ئاو، تا دەتوانیت میوەجاتە ترشەكان و سەوزەوات بەتایبەت بیبەر و پیاز و سیر و لیمۆ زۆر بخۆ. كەم كردنەوەی خواردنی شەكر و كێك و خواردنەوە گازیی و پڕ شەكرەكان و مۆتا و ئایسكرێم و نانی سپیی و سەموون. 

-تا پێت دەكرێت لەسەر پشت مەخەوەو پاڵ مەكەوە، ھەوڵ بدە زۆرتریین كات (١٦سەعات) لەسەر سك پاڵكەویت یان بخەویت، ئەگەر بۆت نەكرا، لەسەر تەنیشتەكان.

-وەرزشی سییەكانت بكە بە جۆرێك ڕۆژانە بەیانیان و عەسران و شەوان (٢٠ بۆ ٣٠) جار لە ڕێگەی لووتت ھەناسەی قووڵ ھەڵمژە و بۆ ماوەی پێنج چركە ڕایبگرە پاشان لەڕێگەی دەمتەوە ھەناسەكە بەتەواویی بدەوە.

-ئەگەر حەبی تا و ئازار شكێنت پێویست بوو، ئەوا پاراسیتۆل بەكار بھێنە بەجۆرێك حەبی ١ گم شەش سەعات جارێك.

-ھەڵمژینی ھەڵمی ئاوی كوڵاو زۆر بەسوودە، بەیانیان و ئێواران بۆ ماوەی پێنج خولەك ئەمە دووبارە بكەوە.

-غەڕغەڕەكردنی بە ئاوی شلەتێن و خوێ ڕۆژانە بەیانیان و شەوان، بە جۆرێك لە ھەر غەڕغەڕەیەك با خوێواوەكە تا چل چركە لەناو دەمت بێت، پاشان فڕێیبدە.

-خواردنی حەبی ڤایتەمین C ڕۆژانە حەبی ٥٠٠ملغم بەیانیان و ئێواران دوو حەب بەیەكەوە.

-خواردنی حەبی زینك ٢٥ ملغم بەیانیان و ئێواران.

-خواردنی كەپسولی ڤایتەمین D ٢٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ وەحدە، ڕۆژانە لەگەڵ كەوچكێك لە ڕۆنی زەیتی زەیتوون.

-خواردنی حەبی مەگنسیۆم بە جورعەی ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ملغ ڕۆژانە، لەگەڵ حەبی ڤیتامین B12 بە جورعەی 0.5ملغم، بەتایبەت بۆ بەتەمەنەكان و یان ئەوانەی ئێش و ئازاری ماسولكەی زۆریان ھەیە.

ئەمانە چارەسەری ڤایرەسەكە نین، بە شێوەیەكی گشتیی ئەوانە بۆ بەھێزكردنی كۆئەندامی بەرگریی لەشتە دژی ڤایرەسەكە لەو كەسانەی كە نەخۆشییەكەیان بە سووكیی یان مامناوەندیی گرتووە. بۆ ئەوانەی نەخۆشییەكەیان بە تووندی گرتووە، دەبێت پزیشكی لێ ئاگادار بكرێتەوە.

شتی تر و چارەسەری تریش دەبێت لە كاتی پێویست و بە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشكی پسپۆڕ بەكاربھێندرێت.

ئەوانەی تەمەنیان سەروو ٦٠ ساڵییە یان نەخۆشیی درێژخایەنی وەك نەخۆشییەكانی دڵ و سییەكان و نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی شێرپەنجە و سستبوونی گورچیلەكانیان ھەیە، یان ئەوانەی چارەسەری كیمیایی و چارەسەرەكانی ڕۆماتیزم بەكاردەھێنن، ئەوا پێویستە ڕۆژانە و بەردەوام پزیشكی پسپۆڕ لە حاڵەتەكانیان ئاگاداربكەنەوە.

سەلامەتییتانم لە خودا داوایە.

*پسپۆڕی ھەناو، ڕاھێنراوی بۆڕدی نەخۆشییەكانی سنگ و ھەناسە..


347 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations