بە ژمارە بەراوردێك لە نێوان كازمی و كاك مەسروردا

01.08.2020

لڤین: شرۆڤە/ سەنگەرسەیدقادر
ماوەی دوو مانگە كازمی كابینەی حكومەتی عێراقی پێكهێناوە و لە كوردستانیش كاك مەسرور ماوەی ساڵێكە كابینەكەی پێكهێناوە و حكومەتی هەریم لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٦٠ كۆبوونەوەی ئەنجامداوە و حكومەتی كازمیش ١٥ كۆبوونەووی ئەنجامداوە.


بەڵام ئەم دوو سەرۆك وەزیرانە لە ئێستادا تۆمەتبار دەكرێن بە كەمتەرخەمی و دەڵێن كازمی تەنها تویت دەكات و كاك مەسروریش لەماوەی ئەم ساڵەدا سەركەوتوو نەبووە، بەڵام ئەوەی لە شەقامدا دەبینرێت جیاوازترە لەوەی لە ڕاگەیاندنەوە دەیبیستین.

خاڵە هاوبەشەكانی كازمی و كاك مەسرور:

كازمی و كاك مەسرور و حكومەتی هەرێم و بەغداد ئەگەر چی لە هەندێك خاڵدا جیاوازن بەڵام لەچەند ڕوویەكەوە هاوبەشن:

١- هەردوو سەرۆك وەزیرانەكە لەكاتی دەست بەكار بوونیانەوە ئومێدێكی زۆریان لەسەر هەڵچنرابوو كە دەبنەهۆی چاكسازی بنەڕەتی چونكە كازمی كۆتای بە حكومەتی حیزبەكان هێنا كە ١٧ ساڵ بەردەوامبوو و كاك مەسروریش كۆتای بە سەرۆكایەتی كاك نێچیڕ هێنا كە نزیكەی ٢٠ ساڵ بەردەوام بوو

٢-لەڕووی حوكمڕانیەوە هەردوو سەرۆك وەزیرانەكە كۆمەڵێك قەیران و كێشەی ئابووری سیاسیان بۆ بەجێهێڵرابوو كە میراتی حوكمڕانی خراپی ساڵانی ڕابردووبوو

٣- هەردوو سەرۆك وەزیرانەكە لە سەرۆكایەتی بەڕزترین دەزگایی هەواڵگرییەوە گەشتنە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت

كازمی چیكردووە..؟

كازمی لە ماوەی دوو مانگی دەسەڵاتیدا ئەرچی نەیتوانیووە بە پێی خواستی خۆێ هەنگاو بنێت بەهۆی ڕێگرییە ئەمنی و حیزبیەكانەوە و دەستبردن بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی قوڵی عێراق بەڵام ئەو بەڵێنانەی كەلەكاتی دەستبەكاربوونی دا بە خۆپیشاندەرانی دابوو جێبەجێیكرد لەوانە:

١- لەكاتی دەستبەركاربوونی كازمی دا لەمانگی ئایار و نیساندا داهاتی عێراق ١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو بەڵام. ئێستا بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی داهاتی عێراق لەمانگی تەموزدا گەشتووەتە نزیكەی ٤ ملیار دۆلار

عێراق لەمانگی رابردوودا سەرەڕای كەمبوونەوەی هەرناردەی نەوت بەڵام داهاتی زیادی كردووە بە جۆرێك لە مانگی تەموزدا ٨٥ ملیۆن و ٦٦٣ هەزار و ٢٩٠ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەكەی ٣ ملیار و ٤٨٧ ملیۆن و ١٣٩ هەزار دۆلار بووە و بەرمیلێك نەوت بە ٤٠.٧ دۆلار فرۆشراوە

٢- كازمی لە ئەماوەیەدا دەستی بەسەر تەواوی دەروازە سنورییەكانی عێراقی عەرەبی دا گرتووە جگە لە دوو دەروازەی سنوری، بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی دەروازە سنورییەكان داهاتیان سەدا ٥٣% زیادی كردووە بەراورد بە مانگی نیسان

٣- لەم ماوەی دوومانگدا كازمی بە هۆی گەندەڵی و كەمتەرخەمییەوە زیاتر لە ٢٩٣ بەرپرسی باڵای حكومی لەكار دوورخستووەتەوە یان ناچاری دەستلەكار كێشانەوەی كردوون

٤- كازمی مووچەی زیاتر لە ٥٠ هەزار مووچە خۆری نایاسایی و تەواوی دوو مووچەكانی بڕیووە

٥- لە كەرتی گشتی دا سنورێكی بۆ گەندەڵی داناوە و چاكسازی لە دەستە حكومییەكاندا كردووە

٦- لەم ماوەیەدا دەستەی دەستپاكی عێراق زیاتر لە ٤٢ دۆسییەی گەندەڵی یەكلای كردووەتەوە و ١٨ پرۆسەی ڕەشووە وەرگرتن و دزینی دارایی گشتی هەڵوەشاندووەتەوە

٧- لەم ماوەیەدا كازمی دەزگا ئەمنیەكان و دەزگا هەواڵگرییەكانی ڕێكخستووەتەوە و سنورێكی بۆ دەسەڵاتی حەشدی شەعبی داناوە.

٨- كازمی بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ١٧ سالی ڕابردوودا بكوژانی خۆپیشاندەرانی ڕادەستی دادگا كرد

٩- هاوكات كازمی دوێنێ بەڵێنی خۆی بەجێهێنا و كاتی هەلبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی دیاری كرد كە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران بوو( بەڕای كەسی خۆم تاكتیكە)

١٠- لەسەر ئاستی دیبلۆماسیش لەماوەی ئەم. دوومانگەدا تاڕادەیەك هاوسەنگی لەنێوان بەرەی ئەمەریكا و ئێراندا پاراستووە

١١- لە مانە هەموو گرنگتر بەڕێووە بردنی قەیرانی دارایی بوو كە سەرەڕای دابەزینی داهاتی عێراق بۆ كەمتر لە سەدا ٣٥% % بەبێ قەرزی دەرەكی ڕێگەی نەدا مووچەی فەرمانبەڕان دوابكەوێت

ڕەخنەكان لەكازمی..

سەرەڕای ئەم هەنگاوانە بەڵام ڕەخنە ئاراستەی كازمی دەكرێت بەوەی هەنگاوەكانی وەك پێویست نین چونكە:

١- بەنەرمی مامەڵە لەگەڵ حەشدی ئێرانی دا دەكات و بكوژانی هیشام هاشمی دەستگیر نەكردووە

٢- لە ڕووی ئەمنییەوە نەیتوانیووە ڕێگری لە هێرشەكانی میلیشیا ئێرانییەكان بكات بۆسەر هاوپەیمانان

٣- لە ڕووی خۆپیشاندانەكانیشەوە سەرەڕای بڕیاری قەدەغەی تەقەكردن بەڵام درەنگ هاتە سەرخەت و ٥ خۆپیشاندەر شەهید بوون

٤- لە ڕووی حكومڕانیشەوە كازمی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە دەسەڵاتدارێكی تاك ڕەوەو و عێراق بەرە و دیكتایۆرییەت دەبات و وەك كارمەندێكی گوێگر مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكاندا دەكات

٥- كازمی ڕێزی لەو ڕێكەوتنە سیاسیە نەگرتووە كە بووە هۆی كاندید كردنی و ڕای حیزبە سیاسیەكانی پشت گوێ خستووە

٦- بەهەمان شێوە بە یەكچاو سەیری عێراقییەكانی نەكردووە و خەڵكی هەرێمی كردووە بە قوربانی ململانێ سیاسییەكان

كاك مەسرور لەماوەی زیاتر لە سالێكدا چی كردووە؟

كاك مەسرور كاتێك دەستبەكاربوو كە قەیرانێكی زۆری كابینەی كاك نێچیری بۆ بەجێ مابوو و لەماوەی زیاتر لە سالێكدا و كۆمەڵیك كاری ئەنجامداوە:

١- بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانا

٢- بەردی بناغەی كۆمەڵگای پیشەسازی دهۆكی دانا

٣- بڕیاریدا لە ٧/١ پرۆژەی چاكسازی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە

هۆكاری ئەم سستیەی كابینەی حكومەت و كاك مەسرور بەشێكی پەیوەستە بە قەیرانی داراییەوە بەڵام ڕەخنەی زۆریشی ئاراستە دەكرێت و شەقامی بێ ئومێد كردووە

ڕەخنەكان لە كاك مەسرور و كابینەكەی...

كاك مەسرور كە جێگای ئومیدی شەقام بوو لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە كۆم حكومەتی هەرێم لەماوەی ساڵێكدا شكستی هێناوە لە بەڕێووبردنی قەیرانەكاندا بەڵام بەتەنها كاك مەسرور بەرپرسیار نیە و كاك قوباد و گۆڕان و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بەشدارن لەم شكستەدا

بەڵام بەهۆی ئەوەی كاك مەسرور سەرۆكی حكومەتە ڕەخنەكان زۆرینەی ئاراستەی ئەو دەكرێت چونكە بەرارورد بەكازمی كاك مەسرور كێشەی ئەمنی و مەترسی سیاسی نیە و دەست كراوە ترە و حیزبی هەیە، گرنگترینیان ڕەخنەكان بریتیە لە:

١- حكومەتی هەرێم لەماوەی ساڵێكدا ١ ترلیۆن ٩٠٠ ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هاتووە مانگانە تا مانگی ئایاری ئەمساڵ ڕۆژانە بەتێكڕایی ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە كە پێش كرۆنا نرخی نەوت سەروی ٥٠ دۆلار بوو بەڵام مووچەی شەش مانگی نەداوە بە فەرمانبەران

٢- كاك مەسرور حكومەت بەڵێنی چاكسازیان بەجێ نەگەیاندووە بەهۆی ئەوەی پارتی ئامادەنیە كادیرەكانی لەسەر لیستی مووچەی حكومەت لابدات بە بیانوی فەوتانی دۆسییەكانیانەوە لە لافاوی ساڵی ٢٠٠٦ بەوهۆیەوە یەكێتیش چاكسازیەكانی ڕاگرتووە و ئامادەنیە جێبەجێی بكات

٣- لە ڕووی شەفافیەت و بنەبڕكردنی گەندەڵییەوە لەكەرتی نەوتدا تا ئێستا حكومەت نەیتوانیووە دەست بۆ ئەو پرسە ببات چونكە لەلایەك یەكێتی و لەلایەكی ترەوە كاك نێچیڕ و توركیا ڕێگرن لەو كارە

٤- بەشێكی دەستبەسراوی كاك مەسرور لە ئێستادا پەیوەستە بەوەی خۆی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بەشیكە لە گەندەڵی و لە ڕێگەی سێ كۆمپانیاوە دەستی خستووەتە گەردنی كەرتی ئابوری هەرێم و ئامادەش نەبووە چاكسازییەكان سەرەتا لە خۆیەوە دەست پێبكات

٥- لەڕووی دیبلۆماسیشەوە شكستی هێنا لەوەی بەغداد ڕازی بكات بە پابەندبوون بە ڕیكەوتنەكەی عادل عبدالمەهدییەوە لە ئیستادا عێراق ئامادەیە تەنها ٣٠٠ ملیار دیناڕ بۆ هەرێم بنێرێت لەبەڕامبەر كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكاندا

٦- لەسەر ئاستی ناوخۆش كاك مەسرور كێشەی لەگ باڵێكی یەكێتیدا هەیە و پەیوەندی حكومەت و حیزبەكانی بەجۆرێك ئاڵۆز كردووە كە كاك نێچیڕ نێوەند گیری دەكات بۆ نەهێشتنی گرژییەكان

بەڵام سەرەڕای ئەم ڕەخنانە هێشتا ٥ مانگ دەرفەت لەبەڕدەم كاك مەسرور و كابینەكەیدا ماوە بۆ خۆ ڕێكخستنەوە حكومەت و دەست بردن بۆ چاكسازی لە كەرتی ئابوریدا و ئاشتكردنەوە و گێڕانەوەی ئومێد بۆ خەڵك

چونكە كابینەی كاك مەسرور كۆتا ئومێدی خەڵك و كۆتا دەرفەتی یەكێتی و پارتییە و ئەوەی لە عێراق ڕوودودات دەگوازرێتەوە بۆ هەرێم، هەرچی كازمیشە سەرەڕای ئەم دەستكەوتانە بەڵام دۆخی عێراق گرەنتی كراو نیە و هەر چركەیەكدا ئەگەر هەیە بگۆڕێت،

بۆیە گرنگە هەرێم چاوی لە بەغداد نەبێت و ماڵی نێوخۆی بەهێز بكات و لەوە زیاتر ڕێگە نەدات دەسەڵاتی هەرێم لە قاڵ بدرێت. چونكە لە ئەگەر شكست یان سەركەوتنی كازمی دا لە هەردووبارەكەدا مەترسی بۆسەر هەرێم دروست دەبێت و پێویستە ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەگەڕەكان

2328 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations