فرۆكەخانەی هەولێر رێنماییەكانی گەشتكردنی بڵاوكردەوە

01.08.2020

لڤین: 
ئەمڕۆ شەممە فرۆكەحانەی هەولێر بە رووی گەشتیاراندا كرایەوە و پێویستە ئەوانەی گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان یان لە وڵاتانی دەرەوە دەگەڕێنەوە، دەستكێش و دەمامك ببەستن و پشكنینی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن.


فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا گەشتیاران ئاگادار دەكاتەوە كە پێویستە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جۆری (PCR) بكەن. بەر لە ھاتنیان بۆ فڕۆكەخانە، پەیوەندی بە ئەو ھێڵە ئاسمانییەوە بكەن كە گەشتەكەیان لە رێگەیەوە ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان. 


دەقی راگەیەندراوەكە:
ھاوڵاتیانی بەڕێز،

ئەمڕۆ ٢٠٢٠⁄٨⁄١ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل بە رووی گەشتیاراندا كرایەوە.

پێویستە گەشتیارانی چوون و ھاتن دەمامك و دەستكێش بەكاربھێنن لە تێرمیناڵی فڕوكەخانە.

بەپێی ئەو شوێنەی كە گەشتی بۆ ئەنجام دەدەن، گەشتیاران پێویستییان بە پشكنینی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە جۆری (PCR). پێویستە گەشتیاران، بەر لە ھاتنیان بۆ فڕۆكەخانە، پەیوەندی بە ئەو ھێڵە ئاسمانییەۆە بكەن كە گەشتەكەیان لە رێگەیەوە ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكانی ئەو شوێنەی كە بۆی دەچن.

پشكنینەكان، بەپێی بڕیاری بەڕێوبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەولێر، لە بنكەی تەندروستی زانكۆ، رێگای كەركوك، تەنیشت كۆلێژی زانست، ئەنجام دەدرێن.

ئەو گەشتیارانەی كە دێنە ھەرێمی كوردستان، پێویستە یان پشكنینی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە جۆری (PCR) بەر لە 48 كاتژمێر بەر لە ھاتنیان ئەنجام بدەن، یاخود لە كاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل پشكنینەكەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و تێچوویەكەی دەكەوێتە سەرشانی گەشتیار.

پێویستە سەرجەم گەشتیارە ھاتووەكان بەڵێننامەیەك پڕبكەنەوە كە بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان كەرەنتین بكەن، لە دوای گەیشتنیان بۆ ھەرێمی كوردستان.

ھەریەك لە شاندی فەرمی، خاوەنكار و ئەو گەشتیارانەی بۆ ماوەیەكی كورت دێنە كوردستان، ئەم خاڵەی سەرەوە (خۆ كەرەنتینكردن بۆ ماوەی 14 رۆژ) نایانگرێتەوە.

ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل

754 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations