مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر: بڕێك ئۆكسجینمان بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دابین كرد بەڵام لێیان وەرنەگرتین

30.07.2020

لڤین: 
مەڵبەندی هەولێری رایگەیاند، ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ گەیاندنی 200 بوتڵی ئۆكسجین بەشێوەی بوتڵ یان بە شێوەی ئۆكسجینی شل بۆ نەخۆشخانەی رزگاری و تەندروستی هەولێر، بەڵام تەندروستی هەولێر  ئامادە نەبوون هاوكاریەكە وەربگرن.


مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد "لەكاتی ئاگاداربوونمان لە هەبوونی كێشەی ئۆكسجین لە نەخۆشانەی رزگاری لە شاری هەولێر، وەك ئەركی سەرشانمان بەرامبەر بەو شارە و نەخۆشەكانی، ئامادەیی خۆمان پیشاندا بۆ گەیاندنی 200 بوتڵی ئۆكسجین بەشێوەی بوتڵ یان بە شێوەی ئۆكسجینی شل بۆ نەخۆشخانەی رزگاری و تەندروستی هەولێر، بەڵام بەداخەوە دواتر وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە و ئامادە نەبوون هاوكاریەكە وەربگرن".


مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر لەو راگەیەندراوەدا پەیامی خۆی ئاراستەی بەرپرسانی تەندروستی هەولێر دەكات و دەڵێت "ئەگەر ئێوە دەتوانن كێشەكە چارەبكەن و كەم و كوڕیەكان چارەسەر بكەن و نەخۆش لە بێ ئۆكسجینی نەمرێت، ئێمە دەستخۆشیتان لێ دەكەین و زۆر سوپاستان دەكەین، ئەگەر نا ئێمە بەشێكین لەوشارە و بە ئەركی خۆمانی دەزانین هاوكاری خەڵك و هاوشارانی خۆمان بكەین".


ئاماژەی بەوەشكردوە "ئەوە كەمترین خزمەتە كە ئێمە پێشكەشی نەخۆشان و دانیشتوانی هەولێری بكەین، نیگەرانین لەوەی روویداوە و هیوادارین دەستی هاوكاری لە هەموو لایەك قبوڵبكرێت و هەمووان خزمەتی ئەو شارە بكەین".

852 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations