بەڕیوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری: چوار كەس گیانیان لەدەستداوە بەڵام بەهۆی نەبونی ئۆكسجین نەبووە

30.07.2020

لڤین: 
كێشەی كەمی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر دروست دەبێت وبەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش ئاشكرایدەكات تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار كەس گیانیان لەدەستداوە بەڵام هچیان بەهۆی كەمی ئۆكسجین نەبووە. 


ژمارەیەك لە كەسوكاری توشبووانی كۆرۆنا لەبەردەم نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر راگەیاند، لە شەوی رابردووەوە لە نەخۆشخانەكە ئۆكسجینی دەستكرد نەماوە و دۆخی تووشبووانیش لە ڕەوشێكی خراپدان.


بەشێك لە كەسوكاری ئەو نەخۆشانە ژمارەی جیاواز رادەگەیەنن لەوەی كە حاڵەتەكانی مردن زۆر بێت لە ناو نەخۆشخانەكەدا بەهۆی ئەوەی ئۆكسجین نەماوە لەو نەخۆشخانەیەدا. 


لەبەرامبەردا لاوەند میران بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئەمڕۆدا كیشەی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكە هەبووە، بەڵام هیچ نەخۆشێك بەهۆی نەبوونی ئۆكسجین گیانی لەدەستنەداوە.


وتیشی، نەخۆشخانەكە تەنها ئەو حاڵەتانە وەردەگرێت كە باری تەندروستیان ناجێگیرە، لە 50%ی ئەو نەخۆشانەش لە ژێر ئامێری هەناسەداندان و باری تەندروستیان ناجێگیرە.


ئەو روونیكردەوە بەهۆی ئەوەی ئەو بەشە ئۆكسجینەی لە سلێمانییەوە بۆیان دەچێت دوو كاتژمێر لە ڕێگا دواكەوتووە بەو هۆیەوە ئەو گرفتە دروستبووە و هیچ نەخۆشكێش لەبەر كەمی ئۆكسیجن نەمردووە. 


ئاماژەشی بەوە كرد كە لەمڕۆدا تا ئەو كاتەی ئەو قسەی تێدا كرد بۆ میدیاكان چوار كەس لە نەخۆشخانەەدا گیانیان لەدەستداوە كە یەكیان كارمەندی تەندروستیە. 


ئەوەشی وت رۆژانە نەخۆشانی كۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن، بەهۆی خراپی باری تەندروستیان نەك بەهۆی نەبوونی ئۆكسجین، ئەمڕۆش ژمارەیەك تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هیچ پەیوەندیەكی بە نەبوونی ئۆكسجینەوە نەبووە.

610 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations