سەرۆكی پارتی داوای دانیشتن لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی هەرێم دەكات

30.07.2020

لڤین: 
سەرۆكی پارتی داوا لە لایەنە سیاسیەكانی هەرێم دەكات بۆ تێپەڕكردنی دۆخی ئێٍتای هەرێم لەگەڵ یەكتری دابنیشن و خۆیان لە وتاری زبر لە دژی یەكتری بپارێزن. 


مەسعود بارزانی، سەۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزباییی لە بارەی جەژنی قوربانەوە بڵاو كردەوە و تیادا رایگەیاند: گەلەكەمان لەگەڵ تەحەددیاتی گەورەی سیاسی و ئابووری و تەندروستی ڕوبەڕو بووەتەوە. ئەو تەحەددیاتە سەرچاوەی زۆرێك لەو كێشە و گرفتانەن كە سەقامگیریی سیاسی و بار و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەكەنە ئامانج.


سەركی پارتی كە لە دوای دەست لەكار كێشانەوەی لە سەرۆكایەتی هەرێم زۆر كەم لە میدیاكاندا دەردەكەوێت دەشڵێت: لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیات و ئەو دۆخە سەختە ئەركی هەموو لایەكمانە كە بە ئاراستەی تەبایی و برایەتی و كاری هاوبەش و قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان هەنگاو بنێین.


لە پەیامەكەیدا بارزانی سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستانیشی كردووە و داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات "لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و تێپەڕاندنی كێشەكان لەگەڵ یەكتردا دابنیشن".


ئەو دەشڵێت "داوا دەكەم هەموو لایەنە سیاسییەكان لەئاست چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستاندا بن و لە هەمانكاتیشدا ڕەچاوی فەرهەنگی باڵا و دەوڵەمەندی كوردەواری بكەن و خۆیان لە گوتاری زبر و گرژ و ناشیاو لە بەرانبەر یەكتر بپارێزن".


لەدوای دەست لەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی هەرێم بارزانی كەمترین دانیشتنی هەبووە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و زۆرتر ئەندامانی دیكەی مەكتەبی سیاسی حزبەكە و هەریەكە لە سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم كارەكان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی دیكەی هەرێم جێبەجێ دەكەن. 

987 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations