پارتی وەڵامی ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوە دەداتەوە

29.07.2020

لڤین:
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی مونیرە عەلی عەبدولعەزیز دەداتەوە و رایگەیاند،  پێدەچێ دەمێك بێت راھێنانی بۆ كردبێ، تا بەو فكر و ئاراستە پۆپۆلیستیە زمانی بگەڕێت!


مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لەدوای قسەكەی پەرلەمانتارێكی پارتی كە وتبووی گەندەڵی لە سەردەمی خەلیفەی موسڵمانان عوسمانی كوڕی عەفانەوە سەری هەڵداوەوڵامی دابوویەوە و رەخنەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان گرتبوو. 


دوای ئەو پۆستە دەزگای رۆشنبیری پارتی وەڵامی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی دایەوە و دەڵێت "پێدەچێ دەمێك بێت راھێنانی بۆ كردبێ، تا بەو فكر و ئاراستە پۆپۆلیستیە زمانی بگەڕێت".


پارتی لە وەڵامەكەیدا دەڵێت، ناكرێت ھەموو ئەو قسانەی لە دژی پارتی دەكرێت لەسەر خودی حزبەكان حیساب بكرێن و بكرێنە دەرفەت بۆ دنەدانی رق و پشێوی! برایانمان لە بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان باش لەم راستیەدەگەن بەتایبەتی كە پەیوەندیی دێرین و لە مێژینەی نێوان پارتیمان و بزووتنەوە پەیوەندیەكی جێگیر و رێزلێگیراوە.


پارتی ئاماژە بەوە دەكات كە "واینابینین كە نووسینەكەی مونیرە عەلی عبدولعەزیز ھەڵوێستی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بێت، وەلێ بەداخەوە ناوبراو كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەكەیە بەبێ رەچاوكردنی ئەو پەیوەندیە مێژووییە".


ئەو دەگایەی پارتی نوسینەكەی مونیرە بە ئاستێكی نزمی دەربڕین و بە زمانێكی زبر و ناتەندروست و پێچەوانەی عورفی دەربڕینی سیاسی و بنەماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ناو دەهێنێت. 


پێشتر ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوە وتبووی  "پارتی لەحیزبی مەلایییەوە بەرەو حیزبی مەلاهی دەڕوات و زۆری مەلهاو كەناڵە بێ ڕەوشتەكان لەسنوری دەسەڵاتی پارتین ئەوەش وەزیروپەرلەمانتارەكەی".

5118 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations