تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە لە بەڵگەنامەكانی ویكیلیكسدا

21.07.2020

لڤین: 
بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەكی ویكیلیكس كە لە رابردوودا بڵاوی كردووەتەوە، دوای تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە راوێژكارێك دیدار لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكات و زۆرینەیان ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی لە پشت تیرۆرەكەوەیە و بەڵام بەرپرسانی پارتیش رەتكردووەتەوە.

 وەك لە بەلگەنامەكانی ویكلیكس دا هاتووە، گەورە راوێژكار تۆماس كراجیسكی بەدواداچونێكی تێروتەسەلی كردووە لەسەر كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنو،س سۆران مامە حەمە. لەدریژەی لیكۆڵینەوەكەیدا سەردانی هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی و نەوشیروان مستەفا و كۆسرەت رەسول و ئەحمد میرەی كردووە، و لیدوانی هەریەكەیانی وەرگرتووە لەسەر كەیسەكە.

میرە پەنجەی تۆمەت بۆ پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان رادەكێشێت لە كوشتنی رۆژنامەنوس سۆران مامە حەمەدا، و ئاماژە بەوە دەكات كە مەسرور بارزانی بەرپرسی دەزگای پاراستن گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە بۆ كوشتنی رۆژنامەنوسی گۆڤاری لڤین، سۆران مامە حەمە، هەروەها، میرە ئەم دانیشتنە نهێنیە ئاشكرا دەكات و دەلێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەریمی كوردستان لە بەرواری ١/١١دا بانگهێشتی كردم و پێی راگەیاندم  كە"بكوژانی سۆرانمان دەستگیركردووە و هەندێ كەسی پارتی بەشدارییان كردووە لەم كوشتنەدا".

میرە درێژە بەقسەكانی دەدات و دەڵێت" لە ٤/١١دا رۆژنامەی ئاوێنە راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە ئاماژە بەوە دەكات كە سێ كەس دەستگیركراون لە كەركوك كە پەیوەندیان هەیە بە كوشتنی سۆرانەوە، كە هەرسێكیان خەلكی شاری ڕانیەی سەر بەپارێزگای سلێمانین و بەرپرسی پاراستنن لە كەركوك. بەڵام، هیچكام لەمانە نادرێنە دادگاو زیندانی ناكرێن بەهۆی ئەو رێككەوتنە ستراتیژیەی كەلەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە لەساڵی ٢٠٠٧دا. هاوكات، پارتی و پاراستن زەختێكی زۆریان كردووە لەسەر كۆسرەت رەسول علی بۆئەوەی ئەم كەیسە دابخەن و ناوەكان رانەگەیەنن، (ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا باسكراوە لەسەر دەستگیركردنی سێ كەس لە قەزای ڕانییە پەیوەندی بە كەیسی تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەوە نییە ، بەڵكو ئەو سێ كەسە هەوڵی تیرۆركردنی (ئەحمەد میرە)یاندا و پاش دەستگیركردنیان لەلایەن مەسعود بارزانی بە لێبوردنی تایبەت ئازادكران).

مەسرور  بارزانی لە بارەی سۆرانی مامە حەمە
تۆماس كراجسكی، لەرۆژانی ٢٥و٢٦ی مانگی ١١دا چاوی بەر مەسرور بارزانی دەكەوێت و دەربارەی كەیسی سۆرانی مامە حەمە بارزانی دەڵێت "یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەموو كات دژی من و دژی پارتی دیموكراتی كوردستانن و هەوڵدەدەن لەكەسایەتی من بدەن بەتایبەت لەكەیسی كوشتنی ئەم رۆژنامەنووسە، كە راپۆرتێكی لەسەر گەندەڵی حكومەتی هەرێم بڵاوكردبۆوە لە گۆڤاری لڤیندا ".

 مەسرور بارزانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت "باوەڕم وایە ئەمە پلانێكی نەخشە بۆ كێشراوبێت بۆئەوەی من تێوە بگلێنن"  هاوكات، نكۆڵی كرد لەهەر زانیارییەك كە پەیوەندی بە كوشتنی سۆرانەوە هەبێت. 

پاشان، ڕاوێژكار داوا دەكات لە مەسرور بارزانی كە زیاتر ڕێز لە رۆژنامەنووسی رەخنەگر بگرن و ژیانیان بپارێزن و بەدواداچون بكات لەسەر دۆزینەوەی بكوژە راستەقینەكانی سۆران، دڵنیایی دەدات بە مەسرور بارزانی كە هەرگیز دەست هەڵناگرن لەم كەیسە.

نەوشیروان مستەفا و كۆسرەت رەسوڵ عەلی:
پاش سەردانكردنی راوێژكار، لێدوان لەهەردوو كەسایەتی نەوشیروان مستەفا و كۆسرەت رەسوڵ وەردەگرێت لەسەر ئەم كەیسە و پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی و مسرور بارزانی درێژ دەكەن بەڵام بەهۆی نەبونی بەڵگەیەكی روونەوە ناتوانن تەواو دڵنیابن. هەروەها، بێ ئاگایی خۆیان دەردەبرن لەبەرامبەر تۆمەتبارە دەستگیركراوەكانی كوشتنی سۆرانی مامە حەمە. هاوكات، پشتراستی بەڵگە بڵاوكراوەكانی سۆران دەكەن لەسەر گەندەڵی حكومەتی هەرێم لەگۆڤاری لڤین دا.

سەرنجی راوێژكارەكە لە دوای دیدارەكان:
راوێژكار لەدوا وتەدا نوسیویەتی " من سەرسام بووم لەوەی كە مەسرور بارزانی بێ ئاگایی خۆی دەربری لەبەرامبەر ئەو تۆمەتبارانەی كە دەستگیركراون لەسەر كەیسی كوشتنی سۆران، لەكاتیكدا تەنها دوو هەفتە لەمەوبەر، نێچیرڤان بارزانی (كە دەكاتە ئامۆزای) ئاماژەی بەوە كرد كە تۆمەتبارەكان لای ئێمە دەست بەسەركراون و لەژێر لێكۆڵینەوەدان!". لێرەدا، دەگەمە دوو حاڵەت یان ئەوەتا مەسرور بارزانی درۆی كرد لەگەڵم، یان بێ ئاگا بووە لە زیندانیەكەی نیچیرڤان بارزانی ئامۆزای.

804 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations