ئاسایشی دھۆک: قارەمان شوکری بەناوی ئاسایشەوە قسەی کردووە

15.07.2020

لڤین:

ئاسایشی دھۆک لە ڕێگەی لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانەوە رایگەیاندووە قارەمان شوکری بەناوی ئەوانەوە قسەی کردووە، بۆیە دەستگیر کراوە و کەمپینی ئازادکەدنەکەشی راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە.

کەمپەینی ئازادکردنی قارەمان شوکری بە ڕاگەیەندراوێک تۆمەتەکانی ئاسایشی دھۆک ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ساڵی رابردوو ماوەی ٢٠ رۆژ زیندانی کراوە چۆن دەکرێت بەناوی ئەوانەوە قسە بکات.
قارەمان شوکری زەینەدین، لە ٢٧ی مانگی ڕابردووە لەلایەن ئاسایشی دھۆکەوە دەستگیرکراوە و تۆمەتباریان کردووە.

دەقی ڕاگەیەندراوی کەمپەینەکە بەمشێوەیەیە:


دەربارەی قارەمان.. وەڵامێک بۆ ئاسایشی بادینان
دوای ئەوەی ئێمە کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، پارێزەران و مامۆستایان و سەرجەم توێژەکانی دیکە، لە کەمپەینێکدا داوامان کرد هەرچی زووە ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری ئازادبکرێت، کە لە ٢٦-٦-٢٠٢٠وە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکراوە و یاداشتی کەمپەینەکەمان ئاڕاستەی ڕایگشتی و لیژنەکانی پەرلەمان کرد، لە ئێستادا لیژنەی “ڕۆشنبیریی و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان”، دوای بەدواداچوونیان وەڵامی ئاسایشی پارتی’یان بەمشیوەیە وەرگرتووە، گوایە “قارەمان بە ناوی ئاسایشەوە قسەی لەگەڵ خەڵک کردووە و وتویەتی زیندانییتان بۆ ئازاد دەکەم” دەستگیر کراوە.
ئێمە بە توندی ئەو بیانووە ڕەتدەکەینەوە و بە سیناریۆی دەزانین، هەروەک لە یەکەم ڕاگەیەندراوی کەمپەینەکەدا “هاوپێچ کراوە لەم خوارەوە” ڕامانگەیاند سیناریۆ قبوڵ ناکەین، چونکە پێشینەیەکی ناشیرینمان هەیە لەگەڵ دەسەڵاتی کوردییدا، هۆکاری بە سیناریۆ زانینی ئەم کەیسە لەم خاڵانەی خوارەوەدا ڕوون دەکەینەوە:
١-ئەم گەنجە کە ٢٣ ساڵ تەمەنییەتی، ساڵی ڕابردووش هەموو بادینان و ئەوانەی ئەو دەناسن دەزانن، کە لەسەر خۆپیشاندان هێزە ئەمنییەکانی بادینان ٢٢ ڕۆژ زیندانییان کرد، بۆیە نە دەسەڵاتدارە و نەکەسیش بڕوا بەوە دەکات، کە پارەی پێدرابێت خەڵک ئازاد بکات، چونکە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەختی دەسەڵاتدارییە لە ناوچەکە.
٢-باوکی قارەمان “ڕۆژنامەنووس شوکری زەینەدین”، لە ٢٠١٦ شەهیدبوو، ئێستاش ئازادیخوازان و خودی قارەمانیش ڕایدەگەیەنن، کە شوکری لەلایەن دەسەڵاتەوە تیرۆر کراوە، ئایا کەسێکی بەم شێوەیەبێت، کەس باوەڕ بە وەها سیناریۆیەک دەکات!؟ ئایا خەڵک باوەڕ بەوە دەکەن، کە قارەمان کەسێکی دەستڕۆیشتووی ناو ئاسایشە و پارەی پێدەدەن بۆ ئازادکردنی زیندانیییەکانیان؟!
٣-بەپێی ئەو سیناریۆیە، ئاسایشی بادینان هەموو یاساکانی مافی مرۆڤ و دەستووری عێراق’ی پێشێل کردووە، چونکە وا ١٨ ڕۆژە لە زیندانی ئاسایشدایە و ڕێگە نەدراوە بنەماڵەکەی، یان پارێزەرانی خۆبەش سەردانی بکەن، لەکاتێکدا بەپێی یاسا و دەستوور و خودی یاسا بەرکارەکانی هەرێم، لە سەرەتای لێکۆڵینەوەشدا پارێزەر بۆی هەیە تۆمەتبار ببینێت، هەروەها ئەرکی ئاسیاش لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردنی کەسانی تایبەت بە کەیسی تیرۆر و ماددەی هۆشبەرە، نەک دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکان.
ئەمانە بەوەمان دەگەینێت، ئێمە گومانەکانمان زیاتربێتەوە لەوەی، کە ئەم گەنجە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی درابێت و لەژێر فشاردا دانیان بە شتانێکدا پێنرابێت، کە ئاگاداری نییە، بۆیە داواکارین لە:
*تەواوی ڕێکخراوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی تایبەت بە مافی مرۆڤ، تەواوی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی عێراق و هەرێم، لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و هەموو توێژە جیاوازەکان، دژی دەستگیرکردنی ئەم گەنجە هەڵوێستیان هەبێت و ڕێگریی لە هەر چەشنە سیناریۆیەک بکەن.
*داواکاریشین، هەرچی زووە کەیسەکە لە ئاسایشەوە بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس و ڕێگا بدرێت، کە پارێزەرانی خۆبەخش و خانەوادەکەی سەردانی بکەن.

704 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations