حکومەتی ھەرێم لەبارەی خانەنشینانەوە بڕیارێکی نوێی دەرکرد

15.07.2020

لڤین:

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی پەسەند کرد و چەند بڕیارێکی دیکەشی دەرکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/15 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدا. 
لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری (پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم) خستەڕوو . ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد، کە مەبەستی سەرەکی لەم سندوقەش زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە لە گشت بوارەکانی وەزیفە، بەپێی ئەم پەیڕەوە داهاتی سندوقەکە تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت، سندوقەکەش ئەنجومەنێکی بەڕێوەبردنی دەبێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.

لە تەوەری دووەمدا پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور) سەرەڕای مەرجە گشتیەکانی دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیی خستەڕوو. بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە پەسەند کرا، کە مەبەستی سەرەکی لەم پەیڕەوەش ڕەچاوکردنی هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتوویی ئەو کەسانەیە کە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی سەرکردایەتی کارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتەکان وەک کەسانی پیشەیی و تەکنۆکرات.
ھەر لەو کۆونەوەیەدا پرۆژە یاسای نوێی فرۆشتن و بە کرێدانی مایەکانی دەولەت خرایە ڕوو و دواتر بە کۆی دەنگ پەسەند کرا. 
پاشان بڕیار درا بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستنی مافی ڕەفتارکردن لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵی ژمارە ( 1) ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی کە مەرج وپێداویستیەکانی هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراویان تێدایە و تا ئێستا مامەڵەی قەرەبووکردنەوەکانیان ڕایی نەکراوە.

3900 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations