لە نیوەی ئەمساڵدا نزیكەی 29 هەزار پەنابەر لە دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتونەتە ئەوروپا

14.07.2020

لڤین: 
پڕۆژەی‌ كۆچبەر لە كوردستان رایگەیاند، لە شەش مانگی ئەمساڵدا تەنها 28 هەزار و 729 كۆچبەر و پەناخواز لە رێگای دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا كە زۆرینەیان ئەفغانی و سووری و جەزائیرییەكانن و 339 كۆچبەریش لە رێگادا گیانیان لەدەستداوە.

ئەو ئامارەی پر{ۆژەی كۆچبەر بڵاویكردووەتەوە دەڵێت لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان وری گرتووە و تیایدا هاتووە، ژمارەی‌ گشتیی كۆچبەرانی گەیشتوو بۆ ئەوروپا لە رێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەمشێوەیە:

یۆنان: 10 هەزار و 408
ئیسپانیا: هەشت هەزار و 693
ئیتاڵیا: حەوت هەزار و 330
ماڵتا: هەزار و 776
قوبروس: 468
كۆچبەر ئەوەی روونكردووەتەوە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ تا كۆتایی حوزەیران، نزیكەی‌ 500 كۆچبەری عێراقی خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا كە 340 كۆچبەریان دەربازی یۆنان بوون و 99 كۆچبەری تریان گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.
سۆران رەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی‌ كۆچبەر لە كوردستان رایگەیاند: كەمكردنی شەپۆلی كۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی كوردستان بەرەو ئەوروپا رووی لە كەمیكردووە، بەڵام هۆكارەكە ناوخۆیی نیە و پەیوەندی بە سەختبوونی رێگای كۆچی نایاساییەوە هەیە.
وتیشی "هۆكاری یەكەم بڵاوبوونەوەی‌ نەخۆشی كۆرۆنایە لە سەرانسەری جیهان، لە سەرەتای شوباتەوە توركیا و وڵاتانی ئەوروپی بە تەواوی سنورەكانیان داخست و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانیان راگرت، ئەوەش بەربەستێكی سەرەكی بوو لە بەردەم كۆچبەراندا".
لەبارەی هۆكاری دووەم روویندەكاتەوە، تووندكردنی سنورەكان و گۆڕانكارییە لە سیاسەتی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی وەستاندنی شەپۆلی كۆچبەرانی نائاسایی دەدەن.
ئاماژەی‌ بەوەشكرد، ئەمساڵ یۆنان وەزارەتێكی بە تایبەت پێكهێناوە بە ناوی وەزارەتی كۆچ كە پێشتر لە كابینەی حكومەتدا نەبووە، داوای هێزی زیاتری سنووریی یەكێتی ئەوروپای كرد بۆ پاراستنی سنوور و حكومەتی یۆنان هەموو هەوڵێكی خستەگەر بۆ دیپۆرتكردنەوە و گەڕاندنەوەی‌ ئەو كۆچبەرانەشی كە دەربازیان بووە.
ئاماژەی بەوشەكرد لە سەرەتای مانگی تەموزەوە شەپۆلێكی دیكەی كۆچ دەستی پێكردووەتەوە و دەڵێت، تەنها لە 10 رۆژی یەكەمی مانگی تەمموزدا، 500 كۆچبەر لەلایەن هێزەی پاسەوانی دەریایی توركیاوە دەستبەسەركراون.

193 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations