ئەوەی لەبارەی شێخی نوێی تەریقەتی كەسنەزانی نەتزانیوە

شێخی نوێی كەسنەزانی 26 رۆژ لە گرانترین ئوتێلی ئەمریكا بۆ مایەوە؟

09.07.2020

لڤین- واشنتن پۆست
لە مانگی تەمووزی 2018، شێخ نەهرۆ كەسنەزانی نامەیەكی بۆ جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نووسی. لە نامەكەیدا هیوای خواستبوو "بە ئامانجی هاوبەشمان بگەین كە لاوازكردنی رژێمی مەلاكانی ئێران و كۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەو وڵاتەیە".
چوار مانگ دوای ئەو نامەیە و لە رۆژی 30ی تشرینی دووەمی رابردوودا چووەتە هۆتێلی نێودەوڵەتیی ترەمپ لە واشنتن و 26 شەوی لە سویتێك لە نهۆمی هەشتەمی هۆتێلەكە بەسەر بردووە كە مەزندە دەكرێ دەیان هەزار دۆلار لەسەری كەوتبێ.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بەدواداچونی بۆ لیستی میوانانی ڤی ئای پی ئەو ماوەیەی ئۆتێلەكە كردووە و مانەوەی شێخ نەهرۆ لە هەموویان زیاتری خایاندووە.

شێخ نەهرۆ كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە خانوویەكی زێڕیندا نیشتەجێیە و بە بێسیم خزمەتكارەكانی بانگ دەكات

شێخ نەهرۆ كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە خانوویەكی زێڕیندا نیشتەجێیە و بە بێسیم خزمەتكارەكانی بانگ دەكات، بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاندووە "ئێمە زۆرتر لە هۆتێلی هەی ئادەمز دەمێنینەوە، بەڵام بیستمان ئەو هۆتێلە نوێیەی ترەمپ لە واشنتن هەیە و بیرمان لەوە كردەوە شوێنێكی باشە بۆ حەوانەوە". رەتیشیكردەوە بۆ مەبەستی لۆبیكردن ئەو هۆتێلەی هەڵبژاردبێ دەڵێت ئەو بۆ چارەسەر لەوێیە و بەهۆی ئەوەی لە نەخۆشخانەی جۆهانس هۆپكنس چارەسەر وەردەگرێت ئەو نەخۆشخانەیەش نزیكەی 42 كیلۆمەتر دوور لەو ئوتێلەوە دوورە. 

رێبەری کۆچکردووی تەریقەتی قادری و باوکی شێخ نەهرۆ
لەو ماوەی لە ئۆتێلەكەی ترەمپ ماونەتەوە ئینتیفاز قەنبەر، وتەبێژی شێخ نەهرۆ كە لە ماوەی مانەوەی لە ئۆتێلەكە لەگەڵی بووە، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە "زۆر كەسی لایەنگری ترەمپ، زۆر باڵیۆز، زۆر خەڵكی گرنگ لە ئوتێلەكە بوون، بەڵام ئێمە قسەمان لەگەڵ نەكردن".
ئەو كۆمپانیایەی سەرپەرشتی هۆتێلەكە دەكات، ئامادە نەبووە تێچووی مانەوەی شێخ نەهرۆ ئاشكرا بكات، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پارەكەیان بەخشیوەتە گەنجینەی ئەمریكا. بەگوێرەی راپۆرتەكە، مانەوەی شێخ نەهرۆ و قازانجەكەی وەك "پشتیوانیی بیانی" مامەڵەی لەگەڵ كراوە كە بۆ كاری بزنسی حكومەتە دەرەكییەكانە، لە كاتێكدا شێخ هیچ پۆستێكی حكومی نییە و وتەبێژەكەشی دەڵێ خۆی پارەی مانەوەكەیداوە.

بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە كە كاتی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە 2003 زانیاریدەری سی ئای ئەی بووە

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی كە رابەری تەریقەتی قادریی كەسنەزانیە، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە كە كاتی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە 2003 زانیاریدەری سی ئای ئەی بووە.
كتێبی "پلانی هێرش" لە نووسینی بۆب ودوارد (چاپی 2004) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە گرووپێكی ئایینی زوو زوو لە هەرێمی كوردستان چاویان بە بەرپرسانی (سی ئای ئەی)ی ئەمریكی دەكەوت، ئەو كات ئەمریكییەكان خەریكی دانانی پلانی هێرشەكەی 2003 بوون. خێزانی شێخ تۆڕێكی زانیاریدەری لە لایەنگرانی خۆیان پێكهێنابوو. بەگوێرەی كتێبەكەی ودوارد، زانیارییەكانیان یەكجار دەگمەن بووە و عەقڵی مرۆڤی رادەگرت، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ناوی نهێنی "رۆكستار"یان پێبدرێ.
لە كتێبەكەدا ئاماژە بە ناوی كەسنەزانییەكان نەكراوە، بەڵام شێخ نەهرۆ خۆی پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەوەی لە كتێبەكەدا هاتووە باسی خێزانی ئەوانە و دەڵێت مانگانە یەك ملیۆن دۆلاریان لە (سی ئای ئەی) وەردەگرت بۆ "خەرجییەكانی تۆڕەكە".
شێخ كۆمەڵێك بەڵگەنامەی سوپای ئەمریكاشی پیشانی رۆژنامە ئەمریكییەكە داوە كە تێیدا دەردەكەوێ تۆڕەكەی شێخ لە كاتی جەنگدا بۆ كۆمپانیایەكی ئەمنی بە ناوی "كۆمپانیای پاراستنی دامەزراوەكانی عێراق" گۆڕاوە و كۆمەڵێك گرێبەستیشیان بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و دامەزراوە نەوتییەكان وەرگرتووە، یەكێك لەو بنكانەش لە نزیك كەركوك بووە.

خۆی بە بژارەدەیەكی گونجاو بۆ سەرۆكایەتی عێراق دەزانێ و پێیوایە تەسەوف كە شیعە و سوننە لەخۆدەگرێ، دەتوانێ ئەلتەرناتیڤێك بێ بۆ رێگری لە فراوانبوونی نفووزی ئێران و توندوتیژییەكانی ئەلقاعیدە

بەڵام تموحەكانی شێخ تەنیا بازرگانی نین، بەڵكو بەگوێرەی رۆژنامەكە خۆی بە بژارەدەیەكی گونجاو بۆ سەرۆكایەتی عێراق دەزانێ و پێیوایە تەسەوف كە شیعە و سوننە لەخۆدەگرێ، دەتوانێ ئەلتەرناتیڤێك بێ بۆ رێگری لە فراوانبوونی نفووزی ئێران و توندوتیژییەكانی ئەلقاعیدە.
شێخ نەهرۆ كەسنەزانی ئەمینداری هاوپەیمانێتی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی عێراقە، بەڵام رێگەی پێنەدرا لە هەڵبژاردنەكانی 2005 خۆی كاندید بكات. گەورەترین دەستكەوتی ئەو خێزانە لە سیاسەتی عێراق لە 2014 بوو، كاتێك مەڵاس محەممەد عەبدولكەریمی برای بۆ پۆستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستنیشانكرا، بەڵام دوای ساڵێك بڕیاری دەستگیركردن بۆ هەردوو براكە دەرچوو، ئەوەش بە تۆمەتی بەرتیلخۆری لە كڕینی برنجی بایەعی.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێن ئاگایان لە كۆبوونەوەی فەرمیی نێوان ستافی وەزارەتەكەیان و شێخ نەهرۆ نییە، بەڵام ئەوەیان نەدركاند ئاخۆ كۆبوونەوەی نافەرمی هەبووە یان نا. شێخ بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی وتووە كە دەمەتەقەی لەگەڵ هەندێك لە شارەزایانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كردووە، یەكێك لەوانەش كۆڵۆنێل عەباس دەهوكە.

دیمەنێک لە ماڵەکەی شێخی نوێ
دەهوك بەمدواییە خانەنشین بووە و لە نووسینگەی كاروباری رۆژهەڵاتی نزیكی وەزارەتی دەرەوە راوێژكار بووە، پێشتریش بۆ كاروباری سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە سعودیە كاریكردووە و لەبارەی شێخەوە دەڵێ "ئەو گوێگری خۆی هەیە و زۆر بەرپرسی پەیوەندیدار سەرنجەكانی بە بایەخەوە وەردەگرن".
ئەجێندای شێخ لەگەڵ سیاسەتی گشتیی ئەمریكا سەبارەت بە ئێران یەكدەگرێتەوە كە بریتییە لە جڵەوكردنی نفووزی ئێران لە عێراق. 
شێخ نەهرۆ كە دكتۆرای لە مێژووش هەیە، دژی هێرشی هەمەلایەنەی ئەمریكایە بۆ سەر ئێران و پێشنیازی كۆمەڵێك هێرشی ورد بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەكانی ئێران دەكات. سەبارەت بە هەڵوێستی توندی خۆیشی لەسەر ئێران دەڵێت "لێم دەپرسن ئێمە بۆچی جەنگمان دەوێ، بەڵام راستییەكەی ئێمە لە ئاشتیدا نین، توندتیژیی دژی سوننەكانی عێراق هەرگیز نەوەستاوە".

بەپێی راپۆرتەكە، نرخی سویتەكانی هۆتێل ترەمپ بۆ هەر شەوێك لە نێوان 1000 بۆ 2000 دۆلارە. 


 وەك راپۆرتەكە دەڵێت، هەوڵەكانی شێخ نەهرۆ تەنیا لە ئەجێندایەكی سیاسیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو كۆمەڵێك كۆمپانیای خزمەتگوزاری ئەمنی، خزمەتگوزاریی كێڵگە نەوتییەكان و بیناسازیشی لە ئەمریكا كردووەتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا كاری بازرگانی بكات، خۆی دەڵێ "ئێمە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێین".
رۆژێك پێش ئەوەی شێخ نەهرۆ بێتە هۆتێل ترەمپ، براكەی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و بێ ئامادەبوونی خۆی سزای حەوت ساڵ بەندكردنی بۆ دەرچوو. دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی دەزگای دادوەریی عێراق بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاندووە كە شێخ نەهرۆ سزای لەسەرە "هەركاتێك گەڕایەوە عێراق دەستگیر دەكرێ". شێخ تۆمەتی گەندەڵی رەتدەكاتەوە و دەڵێت ئەو جۆرە بڕیارانە مەبەستی سیاسییان لەپشتە.
شێخ بۆ رۆژنامە ئەمریكییەكەی ئاشكراكردووە كە سویتێك و ژوورێكی دیكەیان لە هۆتێلەكە گرتبوو، لەگەڵ هاوژینەكەی و منداڵەكانی هەتا 26ی كانوونی یەكەم لە هۆتێلەكە مابوونەوە. ئینتیفاز قەنبەر كە پێشتر كاری بۆ ئەحمەد چەلەبی كردووە، ئامادە نەبوو باسی بڕی پارەی كرێی مانەوەی شێخ بكات، هەر ئەوەندەی وتووە كە بۆ هەر شەوێك "چەند هەزار" دۆلارێكی تێچووە. 
بەپێی راپۆرتەكە، نرخی سویتەكانی هۆتێل ترەمپ بۆ هەر شەوێك لە نێوان 1000 بۆ 2000 دۆلارە. 

ژنی شێخ ئەستێرەیەكی ناوداری سوورییە

رەنگە هاوسەرگیرییەكەی شێخ نەهرۆ بەلای كۆمەڵگەی كوردی و بەتایبەتی بەلای دەروێشەكانییەوە نامۆ بێ‌ و زۆر كەسیش زانیارییان لەبارەوە نەبێ‌.
شێخ نەهرۆ، ساڵی 2007 هاوسەرگیری لەگەڵ ئەستێرەی تەلەفزیۆنی و سینەمای سووری، نورمان عەلی محەممەد ئەسعەد ئەلزكری (نورمان ئەسعەد) كردووە. چوار منداڵی لە نورمان هەیە بەناوەكانی (تیجان، تاج، چنار و رۆژینا).

نورمان كە لەنێو خەڵكی كوردستان بەهۆی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی (جمیل و هنا) ناسرا، ساڵی 1975 لە گوندی بناجروی سەر بە پارێزگای لازقیە لەدایكبووە. دوای زنجیرەی كۆمیدیی (جمیل و هنا) هاوسەرگیری لەگەڵ ئەكتەری بەناوبانگی سووری (ئەیمەن زێدان) كردووە. دوای ساڵێك لێی جیابووەتەوە، بەڵام جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە لای، لە ساڵی 2003 دیسان لە ئەیمەن جیابووەتەوە. 

ئوتێلەکەی ترەمپ کە ماوەی ٢٦ رۆژ تیایدا مایەوە
پاشان لە ساڵی 2002 شووی بە عەدنان ئیبراهیم، دەرهێنەری عێراقی كرد، بەڵام تەنیا دوو ساڵ لەگەڵی مایەوە و لێی جیابووەوە. دواتر لە ساڵی 2007 شووی بە شێخ نەهرۆ كرد.

سەرچاوە کلیک لێرە بکە

8605 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations