فەرهاد سەنگاوی: پارتی بوون وەك ئەوەیە "لە سواری ئەسپێكی بەرزەوە دابەزیتە سەر كەرێكی گول"

02.07.2020

لڤین: 
فەرهاد سەنگاوی وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەداتەوە كە وتبووی نامەیم لەلایە كە تیایدا داویكردووە ببێتە پارتی بەڵام قبوڵنەكراوە. 

لە وەڵامەكەی فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی بۆ ئومێد خۆشناو دەڵێت وەڵامەكە لەبەرخاتری خەڵكە و چیرۆكێك دەگێڕێتەوە كە پارتی لەڕێی هاوڕێەكیەوە داوایان لێكردووە ببێتە پارتی بەڵام ئەو گاڵتەی پێهاتووە.

سەنگاوی لەو وەڵامەدا دەڵێت "پێش چونە پەرلەمان و لە ئەوروپا بوم، هاوڕێ یەكی خۆشەویست، دڵسۆز دكتۆر نوسەر كە ڕەنگە ئێستا تەمەن و تەشقەڵە مانووی كردبێ، بابەتێك هەیە كە لەگەڵتی باس بكەم، ئەزانن من لە تۆ نزیكم ، وتم كێ وتی پارتی ، وتویانە قسەی لەگەڵ بكە بزانە لێمان نزیك نابێتەوە، منیش زۆر پێكەنیم ، وتی چیە كە پێكەنیت؟ وتم من خۆم زۆر كەم پێدەكەنم ئەگەر جار جار بابەتی ئاوا هەبێ باشە بۆ پێكەنین".

پێشتر ئومێد خۆشناو وتبووی بە نامەیەك داوایكردووە ببێتە پارتی بەڵام پارتی وتویانە ئەوچەند لایەنێكی دیكەی كردووە خێری لێنابینین و بۆ ئێمەش جوان نیە وەریبگرین، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی هەڕەشەی كردبوو ئەگەر فەرهاد حاشا لەبونی ئەو نامەیە بكات ئەوا نامەكەی بڵاودەكاتەوە. 

فەرهاد سەنگاوی دەیگێڕێتەوە هەر ئەو هاوڕێیەی دوای ماوەیەكی دیكە جارێكیتر پێیوتووە پارتی واز ناهێنن و پێیان وتووە چیان بۆ كادرەكانی خۆیان كردووە زیاتر بۆ ئەو دەكەن ئەویش دەڵێت لە وەڵامدا "وتم (بزانە ئەگەر شەو لەخەوما بووم بە پارتی بەیانی لە داخا خۆم ئەكوژم چۆن ئەبێ خەوێكی ئاوا ببینم )، ئینجا ئەو زۆر پێكەنی، وتم " بیكڕەو فڕێ ی دە " ئەزانی چیە وتی : نەخێر ، وتم ئەمان پارەیان وەك كای لێهاتوە، گەل برسی و ناچار ئەكەن پاشان كەسانی دیار ئەكڕن و فڕێ ی ئەدەن".

ئەو لەو وەڵامەیدا دەشڵێت "یەكێتی سەرەڕای كەموكورتیەكانی هێشتا بەراورد ناكرێ بە ئەمانە ئینجاش من لێی ناڕازیم و لەگەڵی هەڵناكەم كە بەراورد ناكرێ، بە تایبەت لە مەسەلە نەتەوەیی و نیشتیمانیاكاندا بەراورد ناكرێ. وەكو ئەوە وایە لە سواری ئەسپێكی بەرزەوە دابەزیتە سەر كەرێكی گول" .

ئەو داواش دەكات بەڵگەكانیان بڵاوبكەنەوە لەبەر ئەوەی باوەڕی وایە تا خەڵك و خاو هەبێت ناهێڵن ئەوان بكەون. 

4583 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations