یوسف محەمەد: پێویستە رێككەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ توركیا لەبواری نەوت ئاشكرابكرێت

01.07.2020

لڤین: 
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پێویستە هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی لە ئاشكراكردنی گرێبەستە 50 ساڵیەكەی نەوت لەگەڵ توركیاوە دەست پێبكات و دواتر دەستبەریت بۆ مەلەفەكانی دیكە. 

یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پێویستە ئەو نەزیفەی لە دارایی هەرێمی كوردستاندا هەیە، و دەیان ملیۆن دۆلار بەفیڕۆ دەدرێت كۆتایی پێبهێنرێت. 

ئەو لە دیدارێكیدا لەگەڵ میدیاكانی نزیك لە حزبەكەی وتیشی: پێش هەمووشتێك ئەگەر ویستێك هەیە لە هەرێمی كوردستاندا چاكسازی بكرێت بەتایبەت چاكسازی لە كەرتی نەوتدا، ئەوا پێویستە رێككەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ توركیا لەبواری نەوت ئاشكرابكرێت بۆ رای گشتی و بۆ لایەنە سیاسییەكان و لێككەوتەكانی ئەو رێكەوتنە لەسەر كۆی مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان بزانرێت، بەبێ‌ ئەمە بەراستی چاكسازیكردن مەحاڵە.

ئەو مەترسی خۆی ناشارێتەوە و پێیوایە قەوارەی هەرێمی كوردستان لە مەترسیدایە و دەڵێت" ئەگەر هەرێمی كوردستان چاكسازی نەكات، ئەوا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەمی مەترسی گەورەدایە، چونكە هەرێمی كوردستان ئیفلاسی كردووە و باس لە قەرزی 27 ملیار دۆلاری دەكرێت، لەپاڵیشیدا ئێستا جارێكی دیكە گەلەكۆمەیەكی ئیقلیمی دەبینرێت لەسەر كورد".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دیدی خۆی بۆ چاكسازی ڕاستەقینە بەوە دەخاتە ڕوو كە بریتییە لە رووناككردنی دۆسێی نەوت و بەنیشتمانیكردنی دەروازە سنورییەكان، چونكە ئێٍستا دۆسێی دەروازە سنورییەكان تەنها دۆسێیەكی پەیوەندیدار نییە بە هەرێمی كوردستانەوە بەڵكو دۆسێیەكی پەیوەندیدارە بە عێراقیش.

1037 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations