بۆ دەستبەرداربونی موچەی خانەنشینیان پەرلەمانی كوردستان ئاگاداریەك بڵاودەكاتەوە

30.06.2020

لڤین: 
بۆ ‌دەستبەرداربوون لەوەرگرتنی ‌موچەی خانەنشینیی پەرلەمانتارانی خولەكانی رابردوو ئاگاداردەكرێنەوە و دەتوانن لەماوەی مانگێكدا داواكاری پێشكەش بكەن.

نوسینگەی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بەنوسراوی ژمارە 1034/4/4 كە لەمڕۆدا دەریكردووە گشتاندی سەبارەت بەدەستبەرداربوون لەوەرگرتنی ‌موچەی خانەنشینیی پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو ئاراستەی سەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان لە خولەكانی رابردوو كردووە. 

لە نوسراوەكەدا باس لەوە كراوە، بەپێی بڕگەی شەشەم ماددەی (7) لەیاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2020) یاسای چاكسازی لەموچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان، دەستبەرداربوونی ئارەزوومەندانە لەخانەنیشینیی پەرلەمانتاری، خولەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم و چوارەم)ی پەرلەمانیش دەگرێتەوە.

دیوانی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی راگەیاندووە، بۆ ئەم مەبەستە داواكاریی رەتكردنەوەی خانەنشینیی ئارەزومەندانە لەبەرواری 2020/7/1ەوە لە دیوانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی (30) سی رۆژ وەردەگرێت.

480 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations