مەلابەشیر بەبێ‌ هیچ موناسەبەیەك دەستخۆشی هەڵبژاردن و ریفراندۆم دەكات

21.06.2020

لڤین: وەرگیراوە لە هەژماری سەرتیپ جەوهەر

- شمشێری گۆڕان وەك هەسان بوو، قەولبوو دەنگی هەژاران بن.. مخابن وانەبوو
- نوێنەرەكەی گۆڕان، وەك بەندبێژ بەدیارییەك وەڵامی دەداتەوە

بەشیر حەداد (مەلا بەشیر) بەبێ‌ موناسەبەو لەدەرەوەی هەموو مەنتقێكی قانونی و دەسەڵات و تایبەتمەندی و ئیشوكاری خۆی و دەستخۆشی لەدەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەكات لەبەرامبەر كارو ماندووبونی كەبۆ هەڵبژاردن و راپرسی (ریفراندۆم) كردویانە! لەكاتێكدا نەهەڵبژاردن بەڕێوە چووەو نە ئەویش هیچ تایبەتمەندی و پەیوەندییەكی ئیداریی و هیچ مەنتقێك دەیگەینێتە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەكانی كوردستان.

ئەو نوسراوەی مەلا بەشیر رۆژی 22/4/ئەمساڵ ئاراستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان كراوە كە هیچ بۆنەیەك یان چالاكییەك بگرە هیچ پەیوەندییەكی بەمەلابەشیر جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراقەوە نییەو دەستخۆشی كاروچالاكی هەڵبژاردن و ریفراندۆمیان لێدەكات؟ ئەمە سەرباری ئەوەی خۆی سوێندی خواردووە یەكپارچەیی خاكی عیراق بپارێزێت. بۆیە ئەم كارە جگە لەوەی نامۆو نامەنتقییە، هاوكات ناقانونیشە چونكە لەهیچ بڕگەیەكی قانونەكانی عیراقدا نەهاتووە مەلابەشیر نوسراوی دەستخۆشانە ئاراستەی فەرمانگەیەكی هەرێمی كوردستان بكات.

لەبەرامبەر ئەو كارە مەشبوهو ناڕۆشنەی مەلابەشیر، رێزان حەمە رەشید كە نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕانە لەكۆمسیۆن، وەك وڵامێكی ئەرێنی بۆ نامەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق كە لەپشكی پارتییە، مانگێك پێشخیتن (قدم)ی داوەتە هەموو فەرمانبەرانی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن.

ئەو نوسراوەی رێزان حەمە رەشید لە 10/6 كراوە واتە سێ‌ رۆژ دوای یادی بڕیاردانی ریفراندۆمی 2017 ئەم كارەی نوێنەرەكەی گۆڕانیش وەك كارەكەی مەلابەشیر، جگە لەوەی نارۆشن و مەشبوهە، هاوكات لەدەرەوەی هەموو سیاق و مەنتقێكی قانونییەو هیچ بڕگەیەك لەنێو هیچ قانونێكی كوردستان و ئەم گۆی زەوییە نابینیتەوە رێگە بەنوێنەركەی گۆڕان بدات ئەم كارە نا قانونییە بكات.

شمشێری تیژی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هەسان بوو، كەچی ئێستا نوێنەرەكەیان وەك بەندبێژ وڵامی بەندان دەداتەوە، ئەوان وتیان دەنگی هەژارانین، كەچی ئێستا دەنگی حزب و لایەنی دیكەن، ئێمە چیمان دانابوو، مخابن چی دەرچوو.

بۆیە داوا لەبزوتنەوەی گۆڕان دەكەم چاوێك بەو نوسراوە بخشێننەوە كە نوێنەرەكەیان بە(دیارییەك) وەك ئەوەی هەنگی لەكونە دار دۆزیبێتەوەو ئەم كارە ناقانونییەی كردووە بۆخاتری دەستخۆشانەیەك لەلایەن ئەو برادەرانەی ئێستا لێیانەوە نزیكەو خزمەتیان دەكات، هەروەك ئەم نوسراوەش لەوپێناوەدا كراوە.

1950 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations