ناوەڕۆكی وتارەكەی مەسرور بارزانی

22.05.2020

لڤین: 
سەرۆكی حكومەت وتاریكی لەبارەی رەوشی دارایی حكومەتی هەریم راگەیاند و دەڵێت 80%ی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە خەرج دەكرێت و تەنها 5%ی داهات بۆ پەرەپێدانە. 

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارێكی تۆماركراودا رایگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانە ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە و بەردەوامیشین لە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەی بارگرانیی لە سەر هاووڵاتییان كەم بكەینەوە. بەشێكی زۆری ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەش، ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە.

ناوبراو لەو وتارەیدا لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەم قەیرانەوە سوردەبن لەسەر فرەچەشنكردنی داهات و ئەنجامدانی چاكسازی و "ئەو كێماسیانەی لە رابردوودا لە بواری كارگێڕی و داراییدا هەبووە" بۆ ئەوەش پێویستیان بەكاتە. 

سەرۆكی حكومەت هۆشداریدا لەوەی لە كاتی ئەنجامدانی چاكسازیدا بەرژەوەندیی خەڵكانێك كە سەرپێچی و گەندەڵیان كردووە دەكەوێتە مەترسییەوە، پێشبینیش دەكات، هەوڵی پەكخستنی بدەن و ئاستەنگی بۆ دروست بكەن. 

ئەو پشتیوانی خۆی بۆ لامەركەزیەتی كارگێڕی راگەیاندو تەنها مەرجیشی ئەوەیە قەوارەی هەرێم بپارێزێت، ئەوەشی راگەیاند: بەپێی داهات و توانا داراییەكانی هەرێم پلانمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە داناوە و بودجە و خەرجیی دامودەزگاكانی هەرێم و مووچەخۆران رێكدەخەینەوە و رەچاوی یاسای چاكسازی پەیوەست بەم بوارە دەكەین.

ئەو جارێكیتریش ئاماژەی بە قەرزەكانی كابینەكانی پێشووی هەریچمی كوردستان كردوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزارە، بەشێكی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حكومەتی فیدرالە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتەكانی پێشووی عێراق. 

بارزانی لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە وتی "كاتێك داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت 700 ملیۆن دۆلار بوو، لەم بڕە داهاتە زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی و دانەوەی قەرزەكان خەرجكراوە و ئەوەی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 300 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها تەنیا 383 ملیۆن دۆلاریش وەك بەشە بودجەیەك لە بەغدا دەهات، بەڵام ئەو پارەیە بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەدەكرد و ناچار رێژەیەكی بەرچاوی داهاتی ناوخۆش وەك تەواوكەری پێوستیی مووچە خەرج كراوە. وێڕای ئەمەش خەرجیی پێویست بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەكان لە داهاتی ناوخۆ دابین كراوە و ئینجاش مانگانە 60 ملیۆن دۆلار كورتهێنان هەبووە". 

مەسورور بارزانی وتیشی: لە مانگی رابردوودا كۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت كە بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 30 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیكەی 60 ملیۆن دۆلار بووە و ئەو بەشە بودجەیەی لە بەغداش دێت دواكەوت.

ئەو ئاشكراشیكرد: نادادپەروەرییەكی زۆر و بێ پلانی هەبووە 80%ی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەخۆران تەرخانكراوە، مووچەخۆرانیش 20%ی دانیشتووانی هەرێمن. ئەم رێژەیەی مووچەخۆران بە پێی ستانداردە باوەكان چەندین بەرابەری پێداویستییەكانی هەرێمە.

سەرۆكی حكومەت لە رەخنەكانی بەردەوام بوو دەڵێت، لە بودجەی هەرێم 15%ی بۆ خەرجییەكانی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری تەرخان كراوە و تەنیا كەمتر لە 5% بودجە بۆ پەرەپێدانی وڵات دەمێنێتەوە.

1682 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations