مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا داوا دەكەن وەزیر پشتیوانیان بكات

22.05.2020

لڤین: 
بەهۆی مەترسی كەمكردنەوەی موچەكانیان ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا نامەیەكی كراوە ئاراستەی وەزیری خوێندنی باڵا دەكەن و داوادەكەن زوڵمیان لێنەكرێت. 

لە نامەیەكی كراوەدا كە كۆپیەكی ئاراستەی (لڤین پرێس) كراوە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا دەكەن، وەزیری خوێندنی باڵا، سەبارەت بەو هەواڵ و زانیاریی و دوودڵییەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە بارەی موچەوە، بەدواداچوون و ڕوونكردنەوە و دڵنیایی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بدەن. 

ئەوان لە نامەكەدا ئەو دەنگۆیانەیان باس لێوەكردووە كە دەڵێَن بەهۆی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیەوە سەرجەم دەرماڵە ناجێگیرەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبڕدرێت،  پێشیانوایە "حكومەت دەیەوێت، ئەمجارەیان بەیاسا قوت و ژیانی مووچەخۆریی فیعلی و ڕاستەقینە ببڕێت و گیرفانی مووچەخۆریی بندیوارو حیزبیی زیاتر پێ پڕبكات".

دەقی یاداشتەكە:

با بە كۆدەنگی نەهێڵین بە ناوی چاكسازییەوە زوڵممان لێبكرێت:

بۆ بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی؛ د.ئارام محمد قادر

ب/ دڵنیاییدان بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان لە بارەی مووچە و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە.

سڵاوی زانست...

بەڕێز؛ جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا، لە ڕێگەی ئەم نامە كراوەیەوە، داواتان لێدەكەین، كە سەبارەت بەو هەواڵ و زانیاریی و دوودڵییەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان، بەدواداچوون و ڕوونكردنەوە و دڵنیایی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بدەن.

بەڕێز، د.ئارام، بەپێی ئەو زانیارییانەی، كە بە ئێمە گەیشتووە و لێرەو لەوێ قسەی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دانیشتنە تایبەتییەكانە، ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە، دەیەوێت بەڕێژەیەكی زۆر دەستكاریی مووچەی مووچەخۆرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكات، ئەویش بەوەی، كە بە نیازن سەرجەم دەرماڵە ناجێگیرەكان، جگە لە (مووچەی بنەڕەتیی و دەرماڵەی بڕوانامە و ژن ومنداڵ)، بیبڕن، كە ئەمە ڕاستەخۆ پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مووچەخۆرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.

بەڕێز جەنابی وەزیر؛ ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێمانوابوو، بڕیاری چاكسازییكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و دەرچوواندنی یاسای چاكسازیی لە پەرلەمانی كوردستان، جیاكردنەوەی مووچەخۆری ڕاستەقینە و ماندووە لە مووچەخۆری بندیوار و حیزبیی و خزمەتكاری بەرپرسە گەندەڵەكان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەم بارودۆخە دەخوێنرێتەوە و هەندێك زانیاریی كە بڵاودەكرێتەوە پێچەوانەی ئەم ئومێدەی ئێمەی مامۆستایان و مووچەخۆرانە و حكومەت دەیەوێت، ئەمجارەیان بەیاسا قوت و ژیانی مووچەخۆریی فیعلی و ڕاستەقینە ببڕێت و گیرفانی مووچەخۆریی بندیوارو حیزبیی زیاتر پێ پڕبكات، كە ئەمە ئەوپەڕی نادادیی و ستەمە، بۆیە ئێمە وەك مامۆستایانی زانكۆ، هەروەك چۆن لەسەرەتاوە ئومێدێكی زۆرمان بە كارو پرۆژەكانی بەڕێزتان لە بواری خوێندنی باڵا و هەنگاوەكانی سەرەتاتان بە ئاڕاستەی خزمەتكردن و چاكسازیی لە كارەكانی خوێندنی باڵادا هەبوو، هەر بەو ڕۆحییەتەوە چاوەڕێی ئەوە لە جەنابتان دەكەین، كە خەمخۆرانە و دڵسۆزانە و بەرپرسانە ڕێگر بن لەوەی، كە حكومەت بیەوێت بە ناوی چاكسازییەوە قووت و ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان بكاتە قوربانیی پیلانەكانی.

بەڕێز جەنابی وەزیر؛ ئێمە لەگەڵ چاكسازییدان، بەڵام چاكسازییەك خزمەت بە ڕەوشی ئابوریی و ئیداریی و دارایی حكومەت بكات، چاكسازییەك لانی كەمی عەدالەت و دادی كۆمەڵایەتی بێنێتەدی، نەك لەسەر حیسابی قوت و ژیانی ئێمە خەڵكانی تر لە یاساكە ڕیزپەڕ بن، چاكسازییەك بتوانێت جۆرێك لە عەدالەتی دارایی بۆ هەموو مووچەخۆران لە وەزیرێكەوە تا كارمەندێكی ئاسایی بێنێتەكایەوە، ئەویش لەسەر بنەمای شایستەبوونی خزمەت و بڕوانامە و پێگەی زانستیی و لێهاتوویی و جۆری كارەكەی، نەك لەسەر بنەمای خزمەتكاریی بۆ حیزب و پەیوەستیی بە كەس و لایەن و گروپی دیاریكراوەوە.

بەڕێز جەنابی وەزیر، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، بڕی ئەو پارەیەی، كە مانگانە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستە بریتییە لە (١٦) شازدە ملیارد دینار، كە ئەمە چارەكێكی ئەو پارەیە نییە، كە بۆ وەزارەتە ئەمنییەكان یاخود بندیوارە حیزبییەكان خەرجدەكرێت، ئێوە خۆتان باشدەزانن، كە كۆڵەكەی دروستبوونی ژیانێكی مەدەنیی و وڵاتێكی فراژوبوو و گەشەسەندوو، هاوكات دروستكردنی نەوەیەكی هۆشیار پەیوەستە بە وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی لە سیاسەتی ئێستای هەرێم دەخوێنرێتەوە، دروستكردنی وڵاتێكی ئەمنیی و پۆلیسیی و بێبایەخكردنی ئاشكرای ڕۆڵی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە.

بۆیە لە كۆتاییدا، ئەمە دەبێتە مێژوو بۆ ژیانی وزاریی ئێوە لە داهاتوودا، كە ئەگەر بتوانن بە كرداریی لە پاڵ مامۆستایانی وەزارەتەكەی خۆتاندا بن و ببنە پارێزەرێكی سەرسەختی مافەڕەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان، كە ئەمە ئەركێكی ئیداریی و زانستیی و مۆراڵییە، بۆ جەنابتان، هەربۆیە ئەوەتان لێ چاوەڕواندەكرێت، كە وەڵامگۆی ئەم نامەیەمان، كە داخوازیینامەی زیاد لە ١٠٠ مامۆستا زانكۆی چەرمووە، هەروەها دەتوانین بڵێین داخوازیینامەی سەدان مامۆستای هاوپیشەمانە لە زانكۆكانی تر، بە جدیی و كرداریی بێنە سەرخەت و دڵنیایی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان بدەن و ببنە قەڵغانێكی بەهێز بۆ پاراستنی ماف و شایستە جیاوازەكانی مامۆستایان فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا
٢٢ / ٥ / ٢٠٢٠

593 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations