یەکێتی رونکردنەوە لە بارەی رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوەکانی هەرێم بە کەرکوک دەدات

21.05.2020

لڤین:
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە شاری کەرکوک لە بارەی رادەستکردنەوەی ژمارەیەک تۆمەتبار کە تۆمەتی تیرۆریان لەسەر بوو  بە ئیدارەی کەرکوک رونکردنەوە دەداتو دەڵێت لە پێناوی پاراستنی ئاشتی نێوان پێکهاتەکان ناوبژیان لە نێوان هەرێم و ناوەند کردووە.


مەحمود عوسمان، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ كه‌ركوك، سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی ١٧٠ دیلی تۆمه‌تبارانی تیرۆر به‌حكومه‌تی عێراقی له‌ كه‌ركوك بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: دیاره‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌نجام دراوه‌.

ئەو رونیشیدەکاتەوە بۆ پاراستنی سیاسەتی پێکەوە ژیان به‌ ڕێنمایی هاوسه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسی  ده‌ستیان كردووە به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ن هه‌م حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌ك نزیك بكه‌ینه‌وه‌.

ئەو لە بارەی دەستپێشخەریەکەیان دەشڵێت: ئه‌مانه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كرێن به‌ میكانزمێك وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌مانه‌ ڕوبه‌ڕوی دادگا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ پێویسته‌ دادگایی بكرێن یان حكوم بدرێن یان ئه‌وه‌ی كه‌ دادگا به‌سه‌ریاندا ده‌یسه‌پێنێت به‌و شێوه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن.

مەحمود عوسمان، لەبارەی ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانەوە دەڵێت ئەوەندەی من ئاگاداربم  ژماره‌یان نزیكه‌ی 160 بۆ 170 كه‌س ده‌بن،  ئه‌مانه‌ كاتی خۆی له‌كاتی شه‌ڕی داعش دا كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌م ناوچانه‌ بوونی نه‌بووه‌، هه‌ندێكیان به‌شداربوون له‌ كۆمه‌ڵێك كرده‌ی تیرۆریستی جۆراوجۆر، دیاره‌ زانیاری هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستگیركراون وه‌ به‌شێكی زۆریشیان دانیان ناوه‌ به‌تاوانه‌كانیاندا.

رەتیشیکردەوە رادەستکردنەکە مامەڵەی پێوە کرابێت و دەڵێت" هیچ به‌رامبه‌رێكی تیا نیه‌، به‌بێ به‌رامبه‌ر ئه‌م نێوه‌نگیرییه‌ كراوه‌، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مه‌ بزانێت كه‌ یه‌ك به‌رامبه‌ری تیایه‌، ئه‌ویش خاكه‌ ئێمه‌ تا ئه‌م ده‌قه‌یه‌ له‌پێناو خاكه‌كه‌مان ومیلله‌ته‌كه‌مان ، نه‌ك ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، چه‌ند ده‌ستپێشخه‌ری تریش هه‌بێت ده‌یكه‌ین، چونكه‌ له‌م وڵاته‌ به‌م ته‌شه‌نوجه‌و به‌م یه‌ك نه‌خوێندنه‌وه‌یه‌ خه‌ریكه‌ ئێمه‌ خاك زیاتر له‌ده‌ست ده‌ده‌ین".

له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئایا گه‌ره‌نتییان هه‌یه‌ دوای ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ كێشه‌ی هاوڵاتیانی كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌تایبه‌ت سوتاندنی ده‌غڵ و دان و كوشتن و ئاواره‌كردنیان كۆتایی پێبێت كه‌ وه‌ك خۆت له‌وه‌ڵامه‌كان وتت له‌و پێناوه‌دا كردومانه‌؟

محه‌مه‌د عوسمان به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوكی یه‌كێتی وتیشی" ئێمه‌ هیچ گه‌ره‌نتییه‌كمان نیه‌ چونكه‌ ده‌ست له‌ ناوچه‌كه‌دا گه‌لێك زۆره‌، ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ستی توركیا و ئێران و داعش هه‌یه‌، ده‌ستی ئه‌حزابی سیاسی عێراقی و كوردستانی هه‌یه‌، ده‌ستی لایه‌ن و مخابه‌راتی وڵاتانی تری تێدایه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ر بۆ ئاژاوه‌ هه‌وڵ بده‌ن گه‌نمی خه‌ڵكی تر بسوتێنن."

3439 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations