ئارێز عەبدوڵا: دەتوانین لە هەولێرەوە حكومەت بروخێنین

20.05.2020

لڤین: 
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند ئەگەر مەبەستیان بێت خۆپیشاندان بكەن لە هەولێرەوە دەیكەن نەك لە دهۆكەوە دڵنیاشە لەوەی دەتوانن تەخت و تاراجی ئەو حكومەتە  بڕوخێنن. 

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی  لەبارەی بەشداریكردنی حزبەكەیان لە خۆپیشاندانەكانی دهۆك دەڵێت، وەك حیزب هاندەر و بەشداری خۆپیشاندانەكانی دهۆكمان نەكردووە، بەڵام ڕەنگە لایەنگر و هەڤاڵانی ئێمە تیایدا بەشدار بووبن. 

ناوبراو لە دیدارێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتیشی: ئەگەر لەهەر شوێنێك خۆپیشاندان نەبێت، گردبوونەوە قەدەغە بێت واتە دیكتاتۆریەت هەیە، واتە دەسەڵاتێكی خۆسەپێنەر هەیە، ئەو برادەرانە بەشێوەیەكی سەیر توشی هیستریا بوون كە تۆمەت بۆ یەكێتی دروست دەكەن. 

ئارێز عەبدوڵا رونیكردەوە، ئەگەر ئەوان‌ بڕیار بدەن خۆپیشاندان بكەن، ئەوا بە بڕیارێك لە حكومەت دەكشێینەوە، لە هەولێر خۆپیشاندان دەست پێدەكەن نەك لە دهۆك، واتە هەر ڕۆژێك كە یەكێتی بەرنامەی هەبێت بۆ خۆپیشاندان یاخود خۆپیشاندان بكرێت بەدڵنیاییەوە تەخت و تاراجی ئەو حكومەتە دەروخێنێت لەهەولێرەوە.

ئەو وتیشی: لەهەڵوێستی پارتی تێناگەین بێسەروبەری و جیاوازی زۆر لەبۆچوونی هەردوو باڵەكەی پارتی هەیە بەرامبەر یەكێتی، پارتی دوو باڵە هیچ گومانی تێیدانیە دوو باڵ و دوو ئاراستەی زۆر زۆر جیاوازە، بەڵام ئەوان‌ پارتی وەكو پارتی دەبینن، بەڕاستی ئێستاش نازانن چۆن مامەڵە بكەن، نازانیین كامەیان زیاتر "تەمسیلی" پارتی دەكات.

4880 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations