شاندەكەی هەرێم موچەی مانگی نیسان نەهێنێتەوە

29.04.2020

لڤین: 
شاندەكەی هەرێمی كوردستان بڕیاری كۆتایی لەبارەی رێكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد نادات و تەنها موچەی مانگێك بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت گفتوگۆكانی شاندەكە بۆ رێكەوتنی هەرێم و بەغدادە لە داهاتوودا. 

حكومەتی عێراقی لەسەر داوای ئەمریكی و بەریتانیەكان رەزامەندیداوە بە ناردنی موچەی مانگی نیسان، بەڵام بۆ مانگەكانیتر تا ئەو كاتەی رێكەوتنی كۆتایی ئەنجام نەدرێت پشكی هەرێمی كوردستان رەوانە ناكات. 

ئێوارەی رۆژی سێ شەممە 28 نیسانی 2020 شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری بەغدایان كرد، ئەمڕۆش ژمارەیەك كۆبونەوەیان ئەنجامدا. 

هەرچەندە شەوی رابردوو شاندەكەی هەرێمی كوردستان چاویان بەژمارەیەك كەسایەتی سیاسی شیعە كەوتبوو، بەڵام ئەمڕۆ كۆبونەوە فەرمیەكانیان دەستپێكرد و یەكەم كۆبونەوەیان لەگەڵ ماتیۆ تۆلەر، باڵوێزی ئەمریكا بوو لە عێراق، لەكۆبونەوەكەدا لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گفتوگۆیان كرد. 

شاندەكەی هەرێم بە بەشداری هەریەكە لە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بوو لەلایەن جێگری سەۆكی حكومەتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. 

لە كۆبونەوەی دووەمی شاندەكە لەگەڵ سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراقی كۆبونەوە و دواتریش لەگەڵ حكومەتی عێراقی كۆبونەوە "پاش تاتوتوێكردنی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد بەتایبەت كێشەی نەوت و بودجە، بڕیاردرا بۆ گەڵاڵەكردنی رێوشوێنی چارەسەر كۆبوونەوەكان ئەمڕۆ و سبەی هەر لە بەغداد لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردوولا بەردەوام بن" بۆ ئەو مەبەستەش دوو لیژنەی هاوبەش پێكدەهێندرێن.

شاندەكەی هەرێم دوای بڕیاری راگرتنی پشكی مانگانەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە ئەوە دووم سەردانی بۆ بەغداد، بەڵام تا ئێٍتا هیچ ئەنجامێكیان بەدەست نەهێناوە. 

هەر ئەمڕۆ ئەو شاندە بەشێوەیەكی فەرمی چاوی كەوت بە دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر ئەو دەستەیەش پشتگیریی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغداد رێككەوتوون لەسەر ئەوەی بەردەوام لە پەیوەندی و زانیاری گۆڕینەوەدابن لەپێناو چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق.

ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 16ی ئەم مانگە لە نوسراوێكدا داوای لە وەزارەتی دارایی كردبوو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رابگرێت، چونكە هەولێر پابەندی رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت نەبووە. 

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نوسراوە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە پێی رێككەوتنێك كۆتایی 2019 لەگەڵ بەغداد كراوە رازی بووین رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكەین و ئەوانیش مانگانە 900 ملیۆن دۆلار بدەن بە هەرێمی كوردستان وەك بودجە، بەڵام بەغدا پەشیمان بووەتەوە.

ئەو شاندە ئێوارەی ئەمڕۆش چاوی كەوت بە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا. هەر ئەمڕۆش پەرلەمانتارێكی پارتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند كە بەهۆی ئەو شاندەی هەرێمی كوردستانەوە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا پشكی هەرێم لە بودجەی بەغداد دەگاتە هەرێمی كوردستان. 

سەردانی شاندەكەی هەرێم تەنها یەك بەرپرسی پارتی تیادایە لەگەڵ سێ وەزیری یەكێتی و یەك وەزیری بزوتنەوەی گۆڕان،  هەندێك زانیاریش پێش سەردانەكە ئاشكرایان كردبوو كە ئەو هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا لە هەوڵدان بۆ لێك نزیك كردنەوەی هەرێم و بەغداد بۆ ئەوەش داوایان بە بەغداد كردبوو پشكی ئەم مانگەی بودجەی هەرێم رەوانە بكەن. 

لڤین ئەوەی زانیوە حكومەتی بەغداد بەشێوەیەكی زارەكی رەزامەندیداوە لە رەوانەكردنی موچەی ئەم مانگی نیسان بەڵام ئەوەی بە ئەمریكی وبەریتانیەكان وتووە. 
شاندەكەی هەرێمی كوردستانیش بۆ رێكەوتن چووەتە بەغداد، بەڵام هیچ رێكەوتنێكی كۆتایی ئەنجام نادرێت تا نەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و بڕیاری كۆتایی لە هەرێمەوە بدرێت. 

3769 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations