ئاوات شێخ جەناب: بە مەرج ئامادەین نەوت رادەستی بەغداد بکەین

17.04.2020

لڤین: 

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یدارێكدا لەگەڵ ماڵپەری سبەی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی چەند پرسێكی تایبەت بە وەزارەتەكەی دەدوێت و باس لە پلانی وەزارەتەكەی دەكات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد.  

ناوبراو لەو دیدارەدا دەڵێت، ماوەی‌ پێنج ساڵە عێراق هیچ بڕە پارەیەكی‌ مووچەی‌ بۆ هەرێمی‌ كوردستان زیاد نەكردوە و تەنها مووچەی‌ 682 هەزار مووچەخۆر رەوانەی‌ هەرێم دەكات، لەكاتێكدا هەرێم زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆری‌ هەیە.

-هەوڵەكانی ئێوە بۆ كردنەوە و بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیرانبەن گەیشتوە بە كوێ؟

ئاوات شێخ جەناب: لەئێستادا تاوتوێی دۆخەكە دەكەین، تاوەكو بزانین كە ئایا مەرزەكە بكرێتەوە یاخود بە داخراوی بمێنێتەوە، داخوازی خەڵك ئەوەیە مەرزەكە بكرێتەوە و ئێمەش تاوتوێی بابەتەكە دەكەین، هەروەها ئێستا ئەولەویەتی حكومەت روبەڕوبونەوەی كۆرۆنایە، ئەوەش وایكردوە مەرزەكە دابخەین، بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر باروگوزەرانی هاوڵاتیان و ئەوانەی بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم مەرزەیە. 

سەبارەت بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزەكەش، دوای سەردانی كونسوڵی ئێران بۆلای ئێمە، پێی راگەیاندین كە رێكارە یاساییەكانی بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزەكە تەواو بووە، بەڵام نوسراوەكە بەدەست ئێمە نەگەیشتووە بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدەین.

-كردنەوەی ئەم مەرزە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر داهاتی هەرێم؟

ئاوات جەناب نوری: بە دڵنیاییەوە كردنەوەی مەرزەكە بۆ خەڵك و هاوردەكردنی خۆراك و كەلوپەل گرنگە، بەڵام ئامانجی سەرەكی بۆ داهات نیە، چونكە ئەگەر بزانین كردنەوەی مەرزەكە مەترسی دروست ناكات، ئەوا مەرزەكە دەكرێتەوە.

-بڕیار وایە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغداد بكات، كەی سەردانەكە دەكرێت؟
ئاوات جەناب نوری: وەفدەكەی هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغداد بكات، ماوەی دو مانگە داوامان كردوە سەردانی بەغداد بكەین، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسی بەغدادوە سەردانەكە ئەنجام نەدراوە، ئێستاش وەفدەكەی ئێمە ئامادەیە و لەگەڵ حكومەتی بەغداد لە پەیوەندیدان بۆ دیاریكردنی وادەیەك و بەمنزیكانە سەردانی بەغدا دەكەین.

-گفتوگۆ لەسەر چی دەكەن؟
ئاوات جەناب نوری: شاندەكەی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر سەرجەم پرسەكان دەچێتە بەغداد، ئەوەی پەیوەیستە بە بودجە  و ناوچە دابڕێندراوەكان و مووچەی فەرمانبەران و وادەی ناردنی پارەی فەرمانبەران، چونكە هەر جاری بە رێككەوتێك پارەكە دەگاتە هەرێم و گەیشتە ئەو رادەیەی هەندێك كەس بە سەهو كاتێك موچەی مانگی دوو دواكەوتبوو، هاتبووە مانگی سێ، هەروەها مانگی سێ-ش لە رۆژی (26/3/2020) رەوانە كرا، بۆیە دەمانەوێت ئەو گرفتانە نەهێڵین.

داخوازی ئێمە ئەوەیە پشكی هەرێم بكرێتەوە بە (17٪)، بەڵام رێگری هەیە، هەروەها راستییەكیش هەیە بە درێژاریی ساڵی (2019) بەغداد پارەی (682) هەزار فەرمانبەری رەوانە كردووە و بەغداد كەمترخەمی زۆری بەرامبەر بە كورد كردووە، تەنانەت رێژەی (12٪)شی بۆ هەرێم نەناردوە لە بەشە بودجە، بەڵكو رێژەكە (5٪ بۆ 6٪) بوە.

ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە یەك ملیۆن و (200) هەزار كەسە و بەغدادش بڕی (441) ملیار دینار رەوانە دەكات كە پارەی (682) هەزار فەرمانبەرە.

هەرێم ئامادەیە لەبەرامبەر ناردنی بودجە، نەوت رادەستی بەغداد بكات؟

ئاوات جەناب نوری: بەپێی رێككەوتنەكەمان بۆ ساڵی (2020)، ئێمە ئامادەین بڕی (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكەین، بەو مەرجەی كە بەغداد تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێم رەوانە بكات و مووچەی پێشمەرگە رەوانە بكەن، بەڵام ئەوەیە هەیە ماوەی پێنج ساڵە حكومەتی عێراق یەك دیناری بۆ مووچەخۆرانی هەرێم زیاد نەكردووە و هەر (682) هەزار فەرمانبەرەكەیە.

1178 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations