پارێزگاری سلێمانی داوای لێبوردنی لە پزیشكەكەی دوێنێ كرد

07.04.2020

لڤین: 
پارێزگاری سلێمانی وەك سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی داوای لێبوردنی لەو پزیشكە كرد كە دوێنێ لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە لێیدرابوو. 

دوێنێ‌ لە یەكێك لە خاڵەكانی پشكنین و چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆدا، هێزێكی ئەمنی هێرشیان كردە سەر پزیشكێك و دواتر پزیشكەكانی سلێمانی داوایان كرد بەزوترین كات داوای لێبوردنی لێبكرێت. 

 لە روونكردنەوەیەكدا كە هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە ناوی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بڵاوی كردووەتەوە دەڵێت: هەر دوێنێ‌ لەگەڵ ڕووداوەكەدا لیژنەی لێكۆڵینەوەمان پێكهێنا، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا ئەوە ڕوونبوویەوە، كە هەردوو لایەنی ئەم ڕووداوە دڵسۆزانە لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیاندا بوون. 

لەو رونكردنەوەیەدا پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "هەر هەڵچوون‌و گلەییەكیش لەكاتی ڕووداوەكەدا ڕوویدابێت لە ئەنجامی پەرۆشیی‌و پابەندیی‌و شەونخونیی‌و ماندوبوونی هەردوو لایەنەكەوە بووە، كە بە بەردەوامیی لە ئەرك‌و خەمی تێپەڕاندنی پەتای كۆرۆنادان".

پارێزگاری سلێمانی وەك سەرۆكی لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی یدەشڵێت "بۆیە جارێكی تریش داوای لێبوردنی خۆمان پێشكەش بەم پزیشكە بەڕێزەو تەواوی هاوپیشە بەڕێزەكانی دەكەین، كە بە هەڵوێست‌و تێگەیشتنی شایەنانەیان، بوون بە بەشێكی گەورەی چارەسەر". 

1810 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations