پارێزگاری سلێمانی؛ 17 بڕیاری دەركرد

06.04.2020

لڤین: 
هەڤاڵ ئەبوبەكر، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، لە گشتاندنێكدا شێوای نوێی قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند. 

ناوبراو لەو گشتاندنەدا رونیكردەوەتەوە، قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەنێوان یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی ترو پارێزگاكانی عێراقیشدا تا (١٠/ ٤/ ٢٠٢٠) بەردەوام دەبێت. 

ناوبراو لەو فەرمانەدا كەئاراستەی فەرمانگە و یەكە كارگێڕیەكانی كردووە، 17 خاڵی دیاری كردووە كە زۆرینەیان رێكارەكانی پێشووتری شارەكەن و بە هەمانشیوە جارێكیتر دووبارە بوونەتەوە. 

دەقی گشتاندنەكە: 

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی

بابەت/ گشتاندن 

بەناوی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی لە بەیانی ژمارە (٢٥)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆدا پێمان بەخشراوە. بڕیارماندا بە:
١-قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەنێوان یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی ترو پارێزگاكانی عێراقیشدا تا (١٠/ ٤/ ٢٠٢٠) بەردەوام دەبێت.
٢-قەدەغەكردنی هاتووچۆی تەواو لە سەعات (٦)ی ئێوارە بۆ سەعات (١٢)ی شەو تا ڕۆژی (١٠/ ٤/ ٢٠٢٠) شەوانە بەردەوام دەبێت.
٣-دەسەڵاتی تەواو دەدەینە هەموو قائیمقامیەتەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لەماوەی سەعات (١٢)ی شەو تا (٦)ی ئێوارە، بەپێی تایبەتمەندیی سنورە كارگێڕییەكانیان، خزمەتگوزارییە گشتییەكان و پێداویستییەكانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بەپێی ڕێكارەكانی لەلایەن پارێزگای سلێمانی پەسەندكراون و لەسەر بنەمای ڕێنماییە تەندروستیەكان، پلانەكانیان جێبەجێ بكەن.
٤-شەوانە لە سەعات (١٢)ی شەو بۆ سەعات (٦)ی بەیانی هاتووچۆی سنورداركراو بۆ كاری زۆر پێویست بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكان، لە سنوری قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕێگەپێدراو دەبێت.
٥-قەدەغەكردنی هاتووچۆ ئەو سێكتەرانە ناگرێتەوە كە لە بەیانەكانی وەزارەتی ناوخۆو بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دیاریكراون، بەتایبەتیش پزیشكانی هەڵگری ناسنامەی سەندیكای پزیشكانی كوردستان.
٦-هاتووچۆی كارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی كە (پشوو نایانگرێتەوە)، بەپێی ئەوكاتانەی لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە دیاریكراون لەڕێی ناسنامەو پێناساندنی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی و بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەكانی خۆیانەوە دەبێت، وەك (تەندروستی، كارەبا، ئاو، زیادەڕەوی شارەوانیی، بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای گشتی دروستكردنی دانەوێڵە، بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك، بانكە حكومییەكان، گەنجینەكانی ١ و ٢، كشتوكاڵ، ڤێتێرنەری، دەروازە سنورییەكان، گومرگ، فڕۆكەخانە، شێڵتەرو خانەكانی ژنان و مناڵان و نەوجەوانان و بەساڵاچووان).
٧-كەرتی تایبەت لە بوارەكانی (ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، سوتەمەنیی، پاڵاوگە، كارەبا، پەیوەندییەكان، ئینتەرنێت، سیتیەكان، كۆمپانیاكانی سكوریتی، عەلوە، كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، بانكی ئەهلی، كارگەكانی بەرهەمهێنانی پێداویستیە تەندروستیەكان و پاككردنەوە، كۆمپانیاكانی خۆراك، پەلەوەر، خانووی پلاستیكی و كێڵگە كشتوكاڵییەكان، مەڕوماڵات، شیرەمەنیی، كۆمپانیاكانی دابەشكاریی، چالاكیی فرۆشتنی كارگە پیشەسازییەكان، كارگەكانی دەرمان) بەردەوام دەبن بەپێی ڕێكارە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكانی پێشتر دیاریكراون.
٨-كارمەندو ڕۆژنامەوانانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕێگەپێدراو دەبن، بەمەرجێك لەگەڵ باج یان ناسنامەی كەناڵەكەیاندا نووسراوی ڕاسپاردنیان بە ئەركی ڕۆژانەی ڕاگەیاندنكارانەیان هەبێت لەلایەن دەزگاكەیانەوە.
٩-بەپێی لیستی موچە، ڕۆژانە كارئاسانیی بۆ موچەخۆرانی ئەو شوێنانە دەكرێت كە موچە وەردەگرن، بەمەرجێك بەڵگەی فەرمیی پیشانبدەن‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.
١٠-هەموو هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پۆلیسی هاتوچۆ‌و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و لیواكانی سكرتاریەت و هێزەكانی پێشمەرگە، بە شێوازێكی نوێ‌‌و بەپێی دابەشبوونی گەڕەكەكان، لە تیمی هاوبەشدا ئەركی چاودێریكردنی پابەندبوون بە قەدەغەی هاتووچۆوە جێبەجێ‌ دەكەن، تەنها پۆلیسی هاتووچۆ مافی لێپێچینەوەی لە شۆفێرو ئۆتۆمبێلەكان هەیە، لەگەڵ هەموو تیمێكدا ڕێبەرێكی تەندروستی بەشدار دەبێت بۆ ڕێنماییكردنی شۆفێرو سەرنشینان.
١١-لەدوای سەعات (١٢)ی شەوی (٦/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە، هەموو چالاكییە ئابووریی‌و بازاڕگەریی‌و دارایی‌و عەلوەو یەكەكانی نیشتەجێبوون‌و كۆمپانیاكانی سكوریتی و سیتیەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكاریی‌و ماركێت‌و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە پێویستەكان وەك (ماركێت، بەقاڵ، شیرەمەنیی، نانەواخانە، سەمونخانە، قەسابخانە، دەرمانخانە، (چێشتخانەو خواردنی خێرا – كە پێویستە تەنها بەشێوەی دلیڤەری بن))، لەلایەن قائمقامیەتی سلێمانی‌و (یەكە كارگێڕییەكانەوە) بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریدا، بە هەماهەنگیی (ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و كۆمەڵەی هاوردەو هەناردەكاران و یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاریی) ڕێكدەخرێنەوە، بەمەرجێك كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن، (قائیمقامەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و (یەكە كارگێڕییەكان) ڕێكاری پێویست بۆ هەر بوارێكیان دیاریدەكەن و ڕایدەگەیەنن).
١٢-جوڵەو كاروباری دامودەزگا حكومیەكان‌و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەلایەن پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگاو فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە ڕێكدەخرێنەوە.
١٣-پێویستە هەموو هاووڵاتییەك لەكاتی هاتنە دەرەوەو مامەڵەی ڕۆژانەدا، دەستكێش‌و ماسك بەكاربهێنێت‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بێت.
١٤-هەموو كارێكی خێرخوازیی پێویستە بە ئاگاداری یەكە كارگێڕییەكان‌و لیژنەی سەرژمێریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكانەوە بێت لە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكاندا.
١٥-بانكە ئەهلییەكان بەهەمان پەیڕەوی ڕاگەیەندراوی پێشوو بەردەوام دەبن.
١٦-بازاڕی دراوی سلێمانی‌و هەر شوێنێكی تریش دادەخرێن تا ئەوكاتەی لەلایەن قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش‌و ژوری بازرگانی و پیشەسازییەوە بەشێوەیەكی تەندروستی گونجاو ڕێكدەخرێنەوە.
١٧-پێویستە هەموو هاووڵاتیان‌و دامودەزگاكانی كەرتی گشتیی‌و تایبەت‌و مێدیاكان‌و ڕێكخراوەكان بایەخی تەواو بە كەلتوری (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی) بدەن‌و برەو بە پەروەردەی تاكپارێزیی بدەن بۆ سەرلەنوێ‌ كردنەوەی بوارە جیاجیاكان لە ئایندەدا بەجۆرێك، كە تاك خۆی، خۆی بپارێزێت.

  د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
 پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

                                                                                 

3355 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations