وەزیری پەروەردە پلانی یەكەمی بۆ چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ راگەیاند

02.04.2020

لڤین: 
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە، تیایدا ئاشكرای دەكات تاقیكرنەوەی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەكەوێتە هاوینی ئەمساڵەوە و هەفتەی دوو تاقیكردنەوە ئەنجام دەدرێت. 

هەرچەند پێشتر لڤین بەشێك لە ناوەڕۆكی پەیامەكەی بڵاو كردبوویەوە بەڵام ئالان حەمە سەعید وردەكاری پلانەكانی وەزارەتەكەی بۆ چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ ئاشكرا كرد و رایگەیاند "ئەگەر كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگا بدات،  هەمووهەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە كە لە ۲ ی٥ ناوەندەكانی خوێندن بكەینەوە".

ناوبراو لەو پەیامەیدا رونیشی كردووەتەوە: ئەو پلان و خشتەیەی كە ئاماژەی پێدراوە، بۆ حاڵەتێكە ئەگەر توانرا لە و كاتەدا دەوامی ناوەندەكانی خوێندن بكرێتەوە ، بۆ هەر ئەگەرێكی دیكە ، وەزارەتی پەروەردە پلانی ئامادەكراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستۆتە روو.

ئەو زانیاریانەی پێشتر لڤین پرێس ئاشكرای كردبوو بۆ ئەو كاتەیە كە ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە، كە لەناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باس لەو وردەكاریەكان كراوە كە بەشێكی زۆر لە خوێندكاران لە خوێندن دەبەخشرێن و وەك دەرچوو مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. 

وەزیری پەروەردە لە كۆبونەوەكەی دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران پلانی دووەمیشی خستووەتەڕوو كە ئەو پۆلانەی تاقیكردنەوەی نیشتیمانیان نیە ببەخشرێن. 

دەقی پەیامەكەی وەزیری پەروەردە: 

پەیامێك لەوەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە :
مامۆستایانی بەڕێز ، قوتابیان و خوێندكارانی  ئازیز ، خانەوادە بەڕێزەكانیان ، ئەم كاتەتان باش :

پاش ئەوەی لەچوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزیی لەڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو سەلامەتیتان بڕیاری پشووی ناوەندەكانی خوێندنی سەربەوەزارەتی پەروەردەی دا ، بە پێویستی دەزانین لەڕێگای ئەم پەیامەوە جەخت بكەینەوە لە :

۱ـ ئەنجومەنی وەزیران ،بەسەرۆكایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی رێزدار قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران پاش تاوتوێكردنی پلانەكانی وەزارەتمان بریار دراوە كە قوتابیان دڵنیابن لەوەی ساڵی خوێندنیان نافەوتێت .

۲ـ ئەگەر كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگا بدات،  هەمووهەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە كە لە ۲ ی٥ ناوەندەكانی خوێندن بكەینەوە بۆ ئەم مەبەستەش لەوحاڵەتەدا پلان وخشتەكانمان بەم جۆرە دەبێت :

ـ لە ۱۲ ی ٥ ی ۲۰۲۰  تا ۲۱ ی ٥ ی ۲۰۲۰ ،  تاقیكردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی ۱۲ ی ئامادەیی، بەهەموو بەشەكانیەوە،  ئەنجام دەدرێت .

ـ تەنها بۆ ئەم ساڵی خوێندن تاقیكردنەوەی نیشتیمانی قۆناغی ۹ ی بنەڕەتی ئەنجام نادرێت و لەگەڵ پۆلە ناكۆتاكان تاقیكردنەوە دەكەن. بەڵام بەگوێرەی ڕێنمایی و پێویستە بۆردی نمرەی قوتابیان بگەڕێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ئەزموونەكانی وەزارەت.

ـ تاقیكردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناكۆتاكان ، بە قۆناغی ۹ ی بنەڕەتیشەوە ،  هەروەها پەیمانگاكان و خوێندنی ئیسلامی ، لە ۱ ی ٦ ی ۲۰۲۰ دەستپێدەكات تا ۱۰ ی ٦ی ۲۰۲۰ .

ـ تاقیكردنەوەی خولی یەكەمی ئەزموونە گشتیەكان( وەزاری ) بۆ قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەكانییەوە ، لە ۲٨ ی ٦ی ۲۰۲۰  تا ۲۳ ی ۷ ی ۲۰۲۰ئەنجام دەدرێت ، بەشێوازێك كە لە هەفتەیەكدا تەنها دوو تاقیكردنەوە ئەنجام دەدرێت .

ـ تاقیكردنەوەی خولی دووەمی قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەكانیەوە لە ۱٦ ی ٨ ی ۲۰۲۰  تا ۲٤ ی ٨ ی ۲۰۲۰ ئەنجام دەدرێت.

۳ـ بۆ هەموو قۆناغەكان تاقیكردنەوەكان تەنها لەو بابەتانە ئەنجام دەدرێت كە خوێندراون یان دەخوێندرێن لەناو قوتابخانە ، واتە هیچ بابەتێك بۆ تاقیكردنەوە داخڵ نابێت ئەگەر قوتابیان نەیانخوێندبێت.

٤ـ وەزارەتی پەروەردە ، پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ، خوێندنی ئەلیكترۆنی وەك پاڵپشتیكار و هاوكار و نا ئیلزامی لە ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ قوتابیان فەراهەم دەكات بۆ ئەوەی دانەبڕێن لە خوێندن ، هەموو قوتابخانە و پەیمانگا ناحكومیەكان دەتوانن بە سستمی ئەلیكترۆنی یان ئۆنلاین ی تایبەت بەخۆیان ، بەهەمان شێوەی قوتابخانە حكومیەكان ئەو جۆرە لە خوێندن فەراهەم بكەن ، وە هەر قوتابخانەیەكی ناحكومی كە بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنێت ، بە كوردی ، ئینگلیزی ، عەرەبی ، دەتوانێت سوود لە پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی وەزارەت وەربگرێت .

٥ـ مامۆستایانی وانەبێژیی قوتابخانەحكومیەكان كەبەهۆی پشووی خۆپارێزیی ناوەندەكانی خوێندن لە وانە وتنەوە دابڕاون ، لەبەرچاو دەگیرێن و شایستە داراییەكانیان بەردەوام دەبێت.

٦ـ پویستە ناوەندەكانی خوێندنی ناحكومی ، لەم دۆخەدا پابەندبن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ مامۆستایانیان و شایستە داراییەكانیان وەك لە گرێبەستەكانیان هاتووە بۆیان خەرج بكەن.

۷ـ ئەو پلان و خشتەیەی كە ئاماژەی پێدراوە لەخاڵی ۲ ی ئەم بڵاوكراوەیە ، بۆ حاڵەتێكە ئەگەر توانرا لە و كاتەدا دەوامی ناوەندەكانی خوێندن بكرێتەوە ، بۆ هەر ئەگەرێكی دیكە ، وەزارەتی پەروەردە پلانی ئامادەكراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستۆتە روو ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردەر دەبێت لەو بارەیەوە.

ئالان حمە سعید
وەزیری پەروەردە

906 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations