لڤین زانیاری لەبارەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ بڵاو دەكاتەوە

02.04.2020

لڤین: 
بەشێك لە خوێندكاران لە خوێندن دەبەخشرێن و ئەمڕۆش ئێوارە وەزیری پەروەردە پەیامێك لەبارەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵەوە بڵاو دەكاتەوە. 

وا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ  ئالان حەمەسەعید، وەزیری‌ پەروەردەی‌ حكومەتی‌ هەرێم لەبارەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵەوە پەیامێك بڵاو بكاتەوە بۆ ئەو مەبەستەش راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە ئاگاداریەك ئاراستەی  سەرجەم خوێندكاران و مامۆستایان و كارمەندان و هاوڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەكات .

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی پەروەردە بۆ (لڤین پرێس) ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بکرێتەوە خوێندكارانی قۆناغی 1تا 6ی بنەڕەتی لە خوێندن دەبەخشرێن و وەك دەرچوو هەژمار دەكرێن ئەوەش لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت قسەی لەبارەوە كراوە. 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت بۆ خوێندكارانی پۆلەكانی 9 و 12 تاقیكردنەوەی ئەزمونە گشتیەكان ئەنجام دەدەن لە هاویندا  تەنها ئەو بابەتانە تاقیكردنەوەی تیادا ئەنجام دەدرێت كە لە وەرزی یەكەمدا خوێندراوە. 

دوێنێ لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ كراوە، وا بڕیارە ئەمڕۆش وەزارەتی پەروەردە ناوەڕۆكی گفتوگۆی ئەنجومەنی وەزیران لەو بارەیەوە ئاشكرا بكات. 

ئەو پەیامەی وەزیری‌ پەروەردە كە بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە بڵاوی بكاتەوە لەسەر پرۆسەی‌ خوێندنە و زانیاری‌ لەسەر دەستپێكردنەوە و شێوازی‌ بەرێوەچونی‌ پرۆسەكە و تاقیكردنەوەكانی دەدات لەماوەی‌ چەند مانگی‌ ئایندەدا.

لڤین ئەوەی زانیوە، سیستەمی تاقیكردنەوەی خوێندكارانی دەگۆڕێَت بۆ ئەوەی قەرەباڵغی و بەریەك كەوتن كەم بێتەوە بە ئەگەرێكی زۆر هۆڵی ناوەندەكانی خوێندنی باڵا بەكاردەهێندرێت. 

1653 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations