پارێزگاری سلێمانی پێشبینی دەكات كوردستان ببێتە ناوەندێكی ئابوری گرنگ

26.03.2020

لڤین: 
پارێزگاری سلێمانی داوا دەكات خەڵك و فرۆشیارەكان خواردن و پێداویستی زیادە كۆنەكەنەوە بەهۆی ئەوەی دەبێتە زیان بەسەریانەوە، پێشبینیش دەكات دوای تێپەڕكردنی ئەم ڕەوشە هەرێمی كوردستان لەرووی ئابوریەوە سودی زۆر ببینێت. 

پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا سوپاسی خەڵكی دەكات بۆ خۆپارێزی و خۆڕاگریی و خۆبەخشی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە نیشانەی هۆشیاریی‌و دانشمەندیی‌و گیانی بەرزی بەرپرسیارێتی دەزانێت. 

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: ئەم كارەساتەی لەڕێی ئەم پەتایەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، وانەی نوێ‌‌و بەبیرداهێنانەوەی ئەزمون‌و كەلتورە جوانەكانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هەر لە چارەنووسی هاوبەشەوە، تا دەگاتەوە بەیەكەوە ڕووبەڕووبوونەوە وهەوڵدان بۆ زاڵبوون لە هەموو كەس‌ و پنتێكدا بۆئەوەی هەڕەشەكان جارێكیتر دووبارە نەبنەوە.

ئەو پێشیوایە:ئەو دۆخەی ئیچٍتای جیهان دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێتر دەهێنێتە كایەوە، كە پێویست دەكات سەبەتەی خۆراكیی‌و چارەسەرسازیی‌و ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی ڕێكبخەین‌و یەكبخەین.

داوا لە هاوڵاتیان دەكات، كۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراك و پێداویستیەكانی ڕۆژانە بهێنن، زیاد لە پێویستی خۆتان‌و خۆراك‌و پێداویستیەكان نەكڕن، چونكە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبوون‌و كۆنبوون‌و بەسەرچوونیان هەیەو سەرەتایەكی ترسناك دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستیی‌و خوڵقاندنی قەیرانی ئابووریی.

ئەو هەمان داواشی لە ماركێت و فرۆشیاران كردووە كە بابەتی زۆر لە لای خۆیان كۆنەكەنەوە بەهۆی ئەوەی لە ئەگەری هەر خراپبوون‌و تێكچوونێكدا خۆیان بەرپرسیار دەبن‌و زیان بە ئاسایشی خۆراك‌و ئابووریی نیشتمانی دەگەیەنن.

هەڤاڵ ئەبوبەكر،  ئەوەشی وتووە: داوا لە كۆمپانیا بازرگانیەكانی خۆراك‌و پێداویستیە سەرەكیەكانیش دەكەین بەهەمان گیانی مرۆڤدۆستیی‌و نیشتمانیانەیانەوە بەردەوامبن لە دابینكردنی پێداویستیەكان.

ئەو سەرەڕای دڵنیایی لە جوڵە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی باس لەوەش دەكات "خۆراك‌و سوتەمەنیی‌و كاڵاو پێداویستیەكان بە قەبارەی زۆرو شیاو لەبەردەستدان، هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخ‌و جۆرو قەبارەو دابەشكردنی شیاوانەدان، بە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، جیهان دوچاری دۆخێكی سەختی ئابووریی‌و بازرگانیی دەبێت، بەڵام هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی دەبێت، وەك ناوچەیەكی ئارامی پاكی تەندروستیی ببێتە ناوەندێكی بازرگانیی و ئابووریی گرنگ".

2911 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations