فرۆكەخانەی سلێمانی لەبارەی توشبووی یەكەمی دەربەندیخان بە كۆرۆنا رونكردنەوە دەدات

24.03.2020

لڤین: 
فڕۆكەخانەی سلێمانی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە توشبووەكەی دەربەندیخانی بە نایاسایی كەرەنتین نەكردووە،لە وەڵامدا دەڵێت لەو كاتە كە ئەو كەسە هاتووەتە فرۆكەخانە لە وڵاتانی ئەوروپادا تەنها گەشتی ئیتاڵیا قەدەغە بوو. 

لە رونكردنەوەیەكدا فرۆكەخانەی نێو دەوڵەتی سلێمانی رونیدەكاتەوە "لە 29/1/2020 ‌دەستپێشخەری كرد كە ناو فڕۆكەخانەدا بینایەكی ئامادەكرد تایبەت بە كەرەنتینەكردنی ئەو هاووڵاتیانەی كە لەووڵاتی (چین) ەوە دەگەڕانەوە، هەر ئەوكاتەش هەندێك لەو ناوەندی میدیایانەی ئێستا، بەردەوام لە هەوڵی بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەواشەكاریدابوون و ‌ گرنگی بابەتە‌كەیان بەشێوەیەكی تر پێوانە دەكرد".  

فرۆكەخانەكە دەشڵێت فرۆكەخانەكەمان لە ژێر فەرمانی لیژنەی باڵای ڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاردەكات و هەر بڕیار و بەیانێك لەو لیژنەیەوە دەرچووبێت راستەوخۆ لە فڕۆكەخانەدا جێبەجێكراوە.

ئەو فرۆكەخانەیە باسی ئەوەشی كردووە كە هاوڵاتیەكەی دەربەندیخان كە لە وڵاتی سویدەوە گەڕاوەتەوە لە رۆژی6/3/2020 لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەڕاوەتەوە و لەلایەن تیمەكانی تەندروستی یەوە پشكنین بۆ ئەو و سەرجەم سەرنشینەكانی دیكەی ناو فڕۆكەكە كراوە، لەو كاتەشدا  هیچ فەرمانێكی لیژنەی باڵا نەبووە بۆ كەرەنتینەكردنی هەر هاووڵاتیەك كە لە وڵاتانی ئەوروپا وە دەگەڕانەوە، جگە لە وڵاتی ئیتاڵیا. 

ئەمە لەكاتێكدا كە تەواوی سەرنشینەكانی ناو فڕۆكەكە هیچ ئاماژەیەكی توشبوون بە ڤایرۆسیان نەبووە و فڕۆكەخانەش‌ بەبێ بوونی فەرمان ناتوانێت ڕێگری لە هیچ گەشتیارێك بكات كاتێك لە پشكنین دەردەچن و هیچ كێشەیەكیان نەبێت. 

1605 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations