ڕۆژی باوك چۆنە و چیە و کەیە؟

19.03.2020

لڤین:  هێمن سەڵاح

لە جیهاندا یەكێك لە ڕۆژەكانی ساڵ تایبەت كراوە بە یادكردنەوەو ڕێزگرتن لە باوك لەلایەن منداڵەكانیەوە، لە هەندێك شوێن ئاهەنگ و مەراسیمی تایبەت بۆ ئەو رۆژە ڕێك دەخرێت، لەو ڕۆژەدا گوڵ و پۆست كارد و دیاری پێشكەش بە باوكان دەكرێت و پیرۆزبای ئەو ڕۆژەیان لێ دەكرێت، چونكە باوك هەمیشە ئەركێكی زۆری لەسەر شانەو هەموو كارێكی قورس ڕادەپەپەڕێنێت لە پێناو پێشكەشكردنی ژیانێكی باش بۆ منداڵەكانی، باوك ڕۆڵ و كاریگەریەكی گەورەی هەیە لە كۆمەڵگادا هەربۆیە لە لایەن منداڵانەوە باوك وەكو پاڵەوان تەماشادەكرێت.

مێژووی یادكردنەوەی ڕۆژی باوك

بەهۆی ئەو كاریگەرییە گەورەی باوك هەیەتی بە تایبەت لە ناو خێزان و بەگشتی لە كۆماڵگادا، بۆ یەكەمجار كاسۆلیكەكانی ئەوروپا لە ساڵی 1508ز ڕۆژی 19ی ئاداریان وەكو ڕۆژی باوك یان جەژنی پیاوچاك ساینت جۆزێف دیاریكرد، لەو ڕۆژەدا خواردنێكی تایبەت بە ناوی خواردنی خودا ئامادە دەكرا كە لە ڕێبازی كاسۆلیكیدا بە خواردنی باوكی (عیسا) ناودەهێنرا.

یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە لە باشوری ئەورووپاش لاسای كرایەوە، ئەم ئاهەنگێڕانە گواسترایەوە بۆ وڵاتانی ئیسپانیا و پورتوگال و دواتریش بۆ ئەمریكا, كلێسای كاسۆلیك  بە شێوەیەكی زۆر چالاك پشتیوانی لە نەریتی ئاهەنگێڕانی ڕۆژی باوكایەتی ساینت جۆزیف دەكرد، بە دەست پێشخەری فرانسیس ڕۆژی ساینت جۆزیف دیاری كرا، لە یەكێك لە ڕۆژەكانی ساڵانی ڕابردووی سەدەی 14  یان  سەدەی 15دا.

 بەڵام قبتیەكان ڕۆژی 20ی حوزەیران وەك ڕۆژی  ئاهەنگ و یادكردنەوەی ڕۆژی باوك دیاری كرد، وە قبتیەكان پێیان وابوو ئەم ئاهەنگە بۆ یەكەمجار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەدەی پێنجەم.

لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش بۆ یەكەمجار دۆد وشەی ڕۆژی باوك (جەژنی باوك)ی بەكارهێنا، لە سەر داواكاری ئەم داوا كرا ئەو ڕۆژە بكرێتە پشوو، بەڵام ڕۆژی باوك بۆ یەكەمجار بە شێوەیەكی فەرمی لە ساڵی 1913 لە ئەمریكا بەكارهاتووە, ئەو كاتە پرۆژە یاسایەك پێشكەشی كۆنگرێسی ئەمریكا كرا وەك یەكەم هەوڵ بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە لە وڵاتدا بكرێت بە پشوو.

 چەند ساڵێك پێش ئەوەی یادەكە بە فەرمی بناسێنرێت ئەمریكیەكان یادی ئەو ڕۆژەیان دەكردەوە، بۆ یەكەمجار لە ئەمریكا لە شاری واشنتۆن لە ساڵی 1910 یادی ڕۆژی باوك كرایەوە.

پاشان لە وڵاتانی باشووری ئەفریقیا و بەریتانیاش یادی ئەو ڕۆژە كرایەوەو بوو بە كەلتورێك ساڵانە دووبارەیان دەكردەوە، هەموو ساڵێك سێیەم یەكشەممەی مانگی حوزەیران وەك ڕۆژی (باوك) لە 91 وڵات دیاری كراوە.

بۆ ئەمساڵ 21 حوزەیران وەك ڕۆژی باوك دیاری كراوە لە 91 وڵاتی جیھان.

•یادكردنەوەی ڕۆژی باوك لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازە

یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە  لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر بەروارو كاتەكەی دەگۆڕێت، تەنانەت لە هەندێك وڵات لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر دەگۆڕێت بۆ نمونە لە وڵاتی بەلجیكا دووەم یەكشەمەی مانگی حوزەیران یادی ئەو ڕۆژە دەكرێتەوە بەڵام لە ناوچەی ئەنتوێرپ لە باكوری ئەو وڵاتە لە ڕۆژی 19ی ئاداردا یادی ڕۆژی باوك دەكرێتەوە، تاكو ئێستا هیچ ڕۆژێك دیاری نەكراوە كە هەموو وڵاتان پێوەی پابەند بن و ئەو ڕۆژە وەكو ڕۆژی باوك بناسێنرێت.

  بەروارو ڕۆژی یادكردنەوەی ڕۆژی باوك لای بەشێك لە وڵاتان

•ڕوسیا، میانمار، بیلاڕوسیا   ڕۆژی 23 شوبات

•مەنگۆلیا   18ی ئادار

•ئەندۆرا، ئەنگۆلا، بۆلیڤیا، كرواتیا، هۆندۆراس،ئیتاڵیا، لیتنشتاین، مۆزەمبیق، پورتوگال، ئیسپانیا       ڕۆژی 19ی ئادار

•كازاخستان                      ڕۆژی 7ی ئایار

•كۆریای باشوور                 ڕۆژی 8ی ئایار

•ڕۆمانیا                          دووەم یەكشەممەی مانگی ئایار

•تۆنگۆ                           سێهەم یەكشەمەی مانگی ئایار

•ئەڵمانیا                          ڕۆژی 21ی ئایار

•لیتوانیا، سویسرا               یەكەم یەكشەمەی مانگی حوزەیران

•دانیمارك                        رۆژی 5ی حوزەیران

•بەلجیكا، نەمسا               دووەم یەكشەمەی مانگی حوزەیران

•بولگاریا                         ڕۆژی 12ی حوزەیران

•ئەفغانستان، جەزائیر، ئەلبانیا، ئەرجەنتین، ئاتیاگۆ و بەربۆدە، ئاروبا، باهاماس، بەحرەین، بەنگلادیش، بەربەدۆس، بێلیز، بەرمۆدە، بۆسنە و هەرسك، برۆنی، بۆركینا فاسۆ، كەمبۆدیا، كەنەدا، چاد، شیلی، چین، كۆڵۆمبیا، كۆمۆرۆس، كۆستاریكا، كوبا، كوراجاۆ، قوبرس، كۆماری چیك، دۆمینیكان، ئیكوادۆر، ئەسیوپیا، فەڕەنسا، جۆرجیا، غانا، یۆنان، گوێرنسی، گویانا، هۆنگ كۆنگ، هەنگاریا، هندستان، ئیرلەندا، كۆت دیڤوار، دورگەی مان، جامایكا، یابان، جێرسی، كینیا، كوەیت، لاوس، ماكاو، مالی، مەدەغەشقەر، مالیزیا، ماڵتا، مالدیڤ، ماوریتوێس، مەكسیكۆ، نامبیا، هۆڵەندا، نەیجیریا، عومان، پاكستان، پاناما، پارەگوای، پێرۆ، فیلیپین، پۆرتۆ ڕیكۆ، قەتەر، ساینت لوسیا، ساینت ڤینسێنت، سعودیە، سەنیگال، سەنگافورە، سێرت لێۆن، سلۆڤاكیا، باشووری ئەفریقیا، سریلانكا، سورینام، تریندادۆ تۆباگۆ، تونس، توركیا، ئۆگەندا، ئۆكرانیا، بەریتانیا، ئەمریكا، ڤەنزوێلا، ڤێتنام، زامبیا، زیمبابۆی،   سێهەم یەكشەمەی مانگی حوزەیران

•میسر، ئوردن، لوبنان، سوریا، ئیمارات              ڕۆژی 21ی حوزەیران


سەرچاوە: مێژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە زانكۆی شیكاگۆ

1603 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations